3000 ساڵ پێش زایین
سۆمەریەکان یەکەمین شارستانیەتی بوون کە لە تابلۆ و دەستنووسەکانیاندا ئاماژەیان بۆ هەسارەی مەریخ کردووە و لێکۆڵینەوەیان لە شوێن و جووڵەی کردووە لە ئاسماندا. لەگەڵ ئەوەشدا سۆمەریەکان و زۆربەی شارستانیەتەکانی تری میزۆپۆتامیا وەک ئەکەدیەکان و بابلیەکان و ئاشووریەکان باوەڕیان وابووە کە ئەم تەنە ڕووناکە سوورەی ئاسمان بریتییە لە (نێرگاڵ)ی خوای جەنگ و تاعوون بەدرێژای فەرمانڕەواییان پەرستوویانە.
400 ساڵ پێش زایین
ئەرستۆ لە میانەی لێکۆڵینەوەکانی لە گەردوون، لێکۆڵینەوەی لە جووڵەی هەسارەی مەریخ کردووە و ئاماژەی بەدیارنەمانی هەسارەکە کردووە لەکاتی تێپەڕبوونی مانگ بەبەردەمیدا لە ئاسمانی هەسارەی زەویدا.
1610 زاینی
زانای بەناوبانگی ئیتاڵی گالیلۆ گالیلی بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بەهۆی تیلسکۆبەکەیەوە لێکۆڵینەوەی لە جووڵە و شوێنی هەسارەی مەریخ لە ئاسمانی زەویدا کرد.
1672 زاینی
بەبەکارهێنانی تلیسکۆب بۆ یەکەمجار زانای بەناوبانگ جیۆڤیانی دۆمینیکۆ کاسینی نەخشەی سەر ڕووی هەسارەی مەریخی کێشا.
1960 زاینی
بۆ یەکەمجار وڵاتی یەکێتی سۆڤیەت بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە هەسارەی مەریخ دوو مانگی دەستکردی ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد بە ناوەکانی (marsink 1) و (marsink2) بەڵام هەردوو مانگە دەسکردەکە پێش گەیشتنیان بە خولگەی زەوی و بۆشایی ئاسمان تەقینەوە.
1962 زاینی
یه‌كێتیی سۆڤییه‌ت كه‌شتی ئاسمانی لەو ساڵەدا مانگی دەستکردی (Mars 1)ی ڕه‌وانه‌ی هه‌ساره‌ی مه‌ریخ كرد، به‌ڵام له ڕێگه‌كه‌یدا به‌ره‌و هه‌ساره‌ی مه‌ریخ لە کۆنتڕۆڵ دەرچوو.
1964 زاینی
هه‌رچه‌نده مانگی دەستکردی (Mariner 3) سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو له گه‌شته‌كه‌یدا و نەیتوانی سوود لەو بەشانەی وەربگرێت کە ووزەی خۆریان بۆ مانگە دەستکردەکە دابیندەکرد و دواجار پەیوەندی لەگەڵیدا پچڕا. لەگەڵ ئەوەشدا هەر زوو مانگی دەستکردی (Mariner 4) توانی به سه‌ركه‌وتووی له هه‌ساره‌ی مه‌ریخ نزیك ببێته‌وه و بۆ یه‌كه‌مجار وێنه‌ی هه‌ساره‌یه‌كی تر بۆ هه‌ساره‌ی زه‌وی بنێرێته‌وه و توانی زانیاری له‌سه‌ر په‌ستان و پله‌ی گه‌رمی هه‌ساره‌كه بنێرێته‌وه بۆ زه‌وی.
1969 زاینی
دوای سەرکەوتنی مانگی دەستکردی (Mariner 3) و (Mariner 4) لە گەیشتن بە هەسارەی مەریخ. ئاژانسی ناسا (Mariner 6) و (Mariner 7) به سه‌ركه‌وتووی ڕەوانەی هه‌ساره‌ی مه‌ریخ کرد و توانیان لە نزیكەوە چەندین وێنەی هەسارەی مەریخ بگرن و زانیاری له‌سه‌ر بەرگەهەوا و سەر ڕووی هەسارەکە بنێرێته‌وه بۆ زه‌وی.
1969 زاینی
یەکێتی سۆڤیەت هه‌ردوو كه‌شتی ئاسمانی (mars 1969A) و (mars 1969B) ئامادەکرد بەمەبەستی ناردنی بەرەو هەسارەی مەریخ. بەڵام له پاش هه‌ڵدانیان بۆ بۆشایی ئاسمان له كاركه‌وتن و دووباره كه‌وتنه‌وه خواره‌وه بۆ سه‌ر ڕووی هه‌ساره‌ی زه‌وی.
1971 زاینی
یه‌ك ڕۆژ دوای شکستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەڵدانی (Mariner 8) بۆ بۆشایی ئاسمان، وڵاتی یه‌كێتیی سۆڤییه‌تی كه‌شتی ئاسمانی (Mars 2 ) و (Mars 3)ی له هه‌ساره‌ی زه‌وییه‌وه به‌ره‌و هه‌ساره‌ی مه‌ریخ ڕه‌وانه كرد، هه‌ردوو كه‌شتییه‌كه له دوو به‌ش پێكهاتبوون، كه بریتی بوون له ڕۆبۆتێکی و مانگێكی ده‌ستكرد، له دوای نیشتنه‌وه‌یه‌كی سه‌رنه‌كه‌وتوو له 27/تشرینی دووه‌می/1972ی زایینی ڕۆبۆتی (Mars 2 ) لەسەر ڕووی مەریخ تێکشکا، لەگەڵ ئەوەشدا بووە یه‌كه‌مین ئامێری ده‌ستكردی مرۆڤ كه بگاتە سەر ڕووی هه‌ساره‌ی مه‌ریخ. دواتر ڕۆبۆتی (Mars 3) توانی به‌سه‌ركه‌وتوویی له‌سه‌ر هه‌ساره‌ی مه‌ریخ بنیشێته‌وه، به‌ڵام نه‌یتوانی هیچ زانیاری و وێنه‌یه‌ك بۆ هه‌ساره‌ی زه‌وی بنێرێته‌وه. دواتریش (Mars 2) و (Mars 3 ) بەسەرکەوتووی چوونە خولگەوە بەدەوری مەریخدا و توانییان زانیارییه‌كی زۆر و زیاد له 60 وێنه‌ی ههسارهكهیش بۆ زه‌وی بنێرنه‌وه. وێنه‌كان توانییان نه‌خشه‌ی سه‌ر ڕووی هه‌ساره‌ی مه‌ریخ تا ڕاده‌یه‌ك ڕوون بكه‌نه‌وه و توانیشیان لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر هێزی موگناتیسی هه‌ساره‌كه و هێزی کێشکردنی هه‌ساره‌كه بكات.
1971 زاینی
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە هەڵدانی مانگی دەستکردی (mariner 9) مێژوویەکی گرنگی بۆ خۆی تۆمارکرد توانی لە بەرواری 24/تشرینی دووەمی/1971 بەسەرکەوتووی ئەم مانگە دەستکردەی کردە خولگەوە بەدەوری مەریخدا. ئەمەش یەکەمجار بوو لە مێژوودا کە مرۆڤ بتوانێت تەنێک بخاتە خولگەی هەسارەیەکی ترەوە جگە لە زەوی. هەرچەندە ئەم مانگە دەستکردە دوای هەردوو مانگی دەستکردی (mars 2) و (mars 3)ی یەکێتی سۆڤیەت لە زەویەوە هەڵدرا بەڵام چەند هەفتەیەک زووتر گەشتە هەسارەی مەریخ و توانی خۆی بکاتە پێشەنگ لە چوونە خولگە بەدەوری هەسارەکەدا. مانگە دەستکردەکە چەندین زانیاری لەسەر مەریخ و مانگەکانی بۆ زەوی ناردەوە.
1975 زاینی
لە چوارچێوەی بەرنامەی ڤایکنگ، ئاژانسی ناسا دوو كه‌شتی به ناوه‌كانی (Viking 1) و (Viking 2) ڕه‌وانه‌ی هه‌ساره‌ی مه‌ریخ كرد، كه پێكهاتبوون له دوو مانگی ده‌ستكرد و دوو ڕۆبۆت. هەردوو مانگه ده‌ستكرده‌كه به سه‌ركه‌وتوویی چوونه خولگه‌وه به ده‌وری هه‌ساره‌ی مه‌ریخ و دوو ڕۆبۆتهكهیش لە بەرواری04/تەمووز/1976 و 03/ئەیلول/1976 به سه‌ركه‌وتووی له‌سه‌ر هه‌ساره‌كه نیشتنه‌وه، كه هه‌ریه‌كه‌یان زانیارییه‌كی زۆریان له‌سه‌ر هه‌ساره‌كه كۆكرده‌وه و بوونە یەکەمین تەنی دەستکردی مرۆڤ کە لەسەر مەریخەوە زانیاری بۆ مرۆڤ بنێرێتەوە.
1988 زاینی
مانگی ده‌ستكردی (Fobos 1) و (Fobos 2) له‌لایه‌ن وڵاتی یه‌كێتیی سۆڤییه‌ته‌وه ئامادەکرا، كه كاره‌كه‌یان بریتی بوو له لێكۆڵینه‌وه له هه‌ساره‌ی مه‌ریخ و مانگی فۆبۆسی هەسارەکە. هەرزوو فۆبۆسی 1 لە کۆنتڕۆڵ دەرچوو و فۆبۆسی 2یش بەهەمان شێوە لە دووری 800 کیلۆمەتر لە مانگی فۆبۆسەوە لە کۆنتڕۆڵ دەرچوو.
1996 زاینی
له ساڵی 1996ی زاینی‌دا ئاژانسی ناسای ئه‌مه‌ریكی مانگێکی دەسکردی ڕەوانەی هه‌ساره‌ی مه‌ریخ کرد به‌ناوی (مارس گڵۆبەڵ سورڤێیەر-Mars Global Surveyor) كه كورتكراوه‌كه‌ی بریتی بوو له (MGS) و له ساڵی 1997ی زاینی‌دا به سه‌ركه‌وتوویی چووه خولگه‌وه به ده‌وری هه‌ساره‌ی مه‌ریخدا ئه‌م مانگه ده‌ستكرده كاره‌كه‌ی لێكۆڵینه‌وه بوو له ڕووی هه‌ساره‌ی مه‌ریخ و به‌رگه‌هه‌واكه‌ی و ناردنه‌وه‌ی نەخشە و وێنه‌ی سه‌ر ڕووی هه‌ساره‌كه، ئه‌م مانگه ده‌ستكرده توانی هه‌موو كاره‌كانی به سه‌ركه‌وتوویی ئه‌نجام بدات تا له ساڵی 2006ی زاینی لە کارەکەی بەردەوام بوو. مەنگە دەستکردەکە توانی نه‌خشه‌ی هه‌موو هه‌ساره‌كه بۆ ئه‌مه‌ریكا بەدەستبخات و له ساڵی 2001ی زایینی‌دا ناسا نەخشەکەی بۆ هەموو جیهان بڵاوکردەوە.
1996 زاینی
له ساڵی 1996ی زاینی‌دا ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ڕۆبۆتێكی ڕه‌وانه‌ی سه‌ر ڕووی هه‌ساره‌ی مه‌ریخ كرد به ناوی (مارس پاسفیندەر-Mars Pathfinder)، كه توانای جوڵه‌ی هه‌بوو له‌سه‌ر ڕووی هه‌ساره‌كه و كێشه‌كه‌ی 10.6 كگم بوو، كه ئه‌مه‌یش یه‌كه‌م ڕۆبۆتی له‌م شێوه‌یه بوو كه تایه‌ی پێوه بوو و ده‌یتوانی له‌سه‌ر خاكی هه‌ساره‌كه بڕوات.
2001 زاینی
مانگی دەستکردی (Mars Odyssey) سه‌ر به ئاژانسی ناسای ئه‌مه‌ریكی ڕه‌وانه‌ی هه‌ساره‌ی مه‌ریخ كرا. ئەم مانگە دەستکردە کارەکەی دروستکردنی پەیوەندی بوو لە نێوان هەسارەی زەوی و ئەو ڕۆبۆتانەی کە لەسەر هەسارەکە بوون. ئەم مانگە دەستکردە تا ئێستایش لە کاردایە و بووەتە کۆنترین ئامێری هەسارەی مەریخ کە ماوەی 19 ساڵە کار دەکات و چەندین زانیاری بەهۆی ئەم مانگە دەستکردەوە لەنێوان هەسارەی زەوی و مەریخ ئاڵوگۆڕی پێکراوە.
2003 زاینی
كه‌شتی ئاسمانی (Mars Express)ی سه‌ر به ئاژانسی (ESA) ئه‌وروپیش له ساڵی 2003ی زاینی‌دا به‌ره‌و هه‌ساره‌ی مه‌ریخ به‌ڕێكه‌وت، كه پێكهاتبوو له مانگێكی ده‌ستكرد به ناوی (Mars Express Orbiter) و ڕۆبۆتێكیش به ناوی (Beagle 2)، شایه‌نی باسه كه له كاتی نیشتنه‌وه‌ی ڕۆبۆتهكهدا له‌سه‌ر هه‌ساره‌ی مه‌ریخ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵیدا پچڕا و له كۆنتڕۆڵ ده‌رچوو، به‌ڵام مانگه ده‌ستكرده‌كه تا ئێستاش به سه‌ركه‌وتوویی به ده‌وری هه‌ساره‌كه‌دا ده‌سووڕێته‌وه.
2003 زاینی
له 10-حوزه‌یران-2003ی زاینی‌دا ئاژانسی ناسا لە میانەی بەرنامەی (MER)ی ئاژانسەکەدا ڕۆبۆتێكی ڕه‌وانه‌ی هه‌ساره‌ی مه‌ریخ كرد به ناوی (سپیریت-Spirit) و له 4/کانوونی دووه‌می/2004ی زاینی‌دا به سه‌ركه‌وتوویی له‌سه‌ر هه‌ساره‌ی مه‌ریخ نیشته‌وه، ئه‌م ڕۆبۆته به‌هۆی تایهكانییهوه به ئاسانی توانای جوڵه‌ی هه‌بوو و بارستاییه‌كه‌ی نزیكه‌ی 185كگم بوو و له ڕێگه‌ی تیشكی خۆره‌وه وزه‌ی بۆخۆی دابین دەکرد و چه‌ندین وێنه و چەندین زانیاری له‌سه‌ر خاك و به‌رد و پێكهاته‌ی ڕووی هه‌ساره‌ی مه‌ریخی بۆ زه‌وی نارده‌وه تا له 22/ئازاری/2010ی زاینی‌دا زانایان په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵیدا پچڕا.
2003 زاینی
دوای نزیكه‌ی یه‌ك مانگ له هه‌ڵدانی ڕۆبۆتی (Spirit)، ئاژانسی ناسا هەر دووەم ڕۆبۆتی لە بەرنامەی (MER) ئاماده‌كرد بۆ مەریخ به ناوی (ئۆپۆرتیونتی-Opportunity) كه له 7/ته‌مووزی/2003 ڕه‌وانه‌ی بۆشایی ئاسمان كرا و له ساڵی 2004دا گه‌یشته سه‌ر ڕووی هه‌ساره‌كه و به سه‌ركه‌وتوویی نیشته‌وه، ئه‌م ڕۆبۆته تا مانگی حوزەیرانی ساڵی 2018 هەر لە کاردا بوو و لەماوەی کارکردنیدا 45.16 کیلۆمەتری لەسەر خاکی مەریخ بڕیبوو.
بارستایی ئه‌م ڕۆبۆته به‌هه‌مان شێوه هه‌ر 185كیلۆگرام بوو و به هه‌مان شێوه به‌مه‌به‌ستی لێكۆڵینه‌وه له خاك و به‌رد و ڕووی هه‌ساره‌ی مه‌ریخ ڕه‌وانه‌ی هه‌ساره‌ی مه‌ریخ كرابوو.
2005 زاینی
له ساڵی 2005ی زاینی‌دا ئاژانسی (ESA)ی ئه‌وروپی مانگێكی ده‌ستكردی ڕه‌وانه‌ی هه‌ساره‌ی مه‌ریخ كرد به ناوی (Mars Reconnaissance Orbiter)، كه كورتكراوه‌كه‌ی (MRO)یه و ئامانجه‌كه‌یشی بریتیە له وێنه‌گرتن و لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌ر ڕووی هه‌ساره‌كه و ئاسانكردنی به‌ستنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڕۆبۆته‌كانی سه‌ر ڕووی هه‌ساره‌كه. شایەنی باسە ئەم ڕۆبۆتە تا ئێستا هەر لە کاردایە.
2007 زاینی
له ساڵی 2007ی زاینی‌دا ئاژانسی ناسا ڕۆبۆتێكی تری به ناوی (فینیکس-Phoenix) كه توانای جوڵانی نه‌بوو ڕەوانەی هەسارەی مەریخ کرد. له ساڵی 2008ی زاینی‌دا له نزیك جه‌مسه‌ری باكووری هه‌ساره‌ی مه‌ریخ به سه‌ركه‌وتووی نیشته‌وه، ئه‌م ڕۆبۆته بارستاییه‌كه‌ی 350كگم بوو و ده‌یتوانی نزیكه‌ی 2.5م له خاكه‌كه‌ی ژێری هه‌ڵبكه‌نێت ، دوای هه‌ڵكه‌ندنی چه‌ند سانتیمهترێكیش توانی سه‌هۆڵ له‌ژێر ڕووی هه‌ساره‌كه بدۆزێته‌وه و وێنه‌كه‌شی بنێرێته‌وه بۆ زه‌وی.
2011 زاینی
له ساڵی 2011ی زاینیشدا ئاژانسی ناسا ڕۆبۆتێكی ڕه‌وانه‌ی هه‌ساره‌ی مه‌ریخ كرد به ناوی (كیوریاسیتی-Curiosity)، كه له 6-ئاب-2012ی زاینی‌دا به سه‌ركه‌وتوویی له‌سه‌ر هه‌ساره‌ی مه‌ریخ نیشته‌وه، به‌هۆی ته‌نكی به‌رگه‌هه‌وای هه‌ساره‌ی مه‌ریخه‌وه چه‌ندین ڕێگا و ته‌كنیكی نوێ له‌م گه‌شته‌دا به‌كارهێنرا بۆ ئاسانكردنی نیشتنه‌وه‌ی ڕۆبۆته‌كه و تاوه‌كو هیچ زیانێكی پێ نه‌گات، شایه‌نی باسه ئه‌م ڕۆبۆته قورسترین ڕۆبۆته كه تا ئێستا ڕه‌وانه‌ی هه‌ساره‌یه‌كی تری كۆمه‌ڵه‌ی خۆر كرابێت و بارستاییه‌كه‌ی نزیكه‌ی 900كگم ده‌بێت و هێنده‌ی قه‌باره‌ی ئۆتۆمبێلێك ده‌بێت، توانایه‌كی زۆر باشی بۆ جوڵه هه‌یه به‌هۆی تایهكانییهوه. وێنه‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌یش بریتییه له ڕۆبۆته‌كه كه زانایه‌كی له ته‌نیشته‌وه‌یه .
ئه‌م ڕۆبۆته تاقیگەیەکی له‌سه‌ره كه خۆڵی سه‌ر ڕووی خاكی مه‌ریخی تێدا شی ده‌كرێته‌وه، ئه‌ویش دوای وه‌رگرتنی نموونه‌یه‌ك له خاكه‌كه له‌لایه‌ن باڵی ڕۆبۆته‌كه‌وه و هێنانی خۆڵه‌كه بۆ ناو تاقیگەکە له‌سه‌ر ڕووی ڕۆبۆته‌كه و ئه‌نجامه‌كانیش ڕاسته‌وخۆ بۆ سه‌ر ڕووی هه‌ساره‌ی زه‌وی ده‌نێردرێته‌وه
له كاتی نیشتنهوهیهوه تا ئێستا چه‌ندین وێنه‌ی سه‌ر ڕووی مه‌ریخی بۆ هه‌ساره‌ی زه‌وی ناردووه‌ته‌وه و ئامانجی ناردنی ئه‌م ڕۆبۆتهیش بۆ لێكۆڵینه‌وه‌یه له هه‌ساره‌ی مه‌ریخ له ڕووی گونجاوییه‌وه بۆ ژیان و گه‌ڕانه بۆ پاشماوه‌ی ژیان و هۆكاره‌كانی له‌سه‌ر ڕووی هه‌ساره‌ی مه‌ریخ، به‌هۆی ئه‌مه‌یشه‌وه زاناكان ده‌زانن كه ئاخۆ ڕابردوو هه‌ساره‌كه ژیانی له‌سه‌ر بووه، یاخود ده‌توانین له داهاتوودا ژیان بۆ سه‌ر هه‌ساره‌كه بگوێزینه‌وه، ئێستایش ئه‌م ڕۆبۆته زۆر به چالاكی له‌سه‌ر ڕووی هه‌ساره‌كه له‌كاردایه
2013 زاینی
ئاژانسی (NASA)ی ئه‌مه‌ریكی له 18 تشرینی دووەمی 2013ی زاینی مانگێکی دەستکردی ڕەوانەی مەریخ کرد بەناوی (ماڤن-MAVEN) بۆ لێكۆڵینه‌وه له به‌رگه‌هه‌وای هه‌ساره‌ی مه‌ریخ، مانگە دەستکردەکە کاری لێکۆڵینەوەیە لە پێکهاتە و پێوانەی بەرگەهەوای هەسارەکە و تا ئێستا بەسەرکەوتوویی لە کاردایە.
2014 زاینی
2014 بۆ یەکەمجار وڵاتی هیند مانگێکی دەستکردی خۆی کردە خولگەوە بەدەوری مەریخدا. مانگە دەستکردەکە بە (مانگالیان-Mangalyaan) ناسراوە و تا ئێستا لە خولگەدایە بەدەوری مەریخدا.
2018 زاینی
ئاژانسی (NASA)ی ئه‌مه‌ریكی له ساڵی 2018ی زایینی ڕۆبۆتی (Insight)ی ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد کە ڕۆبۆتێکی جێگیرە و کارەکەی لێكۆڵینه‌وه‌ی له چینه‌كانی ناوه‌وه‌ی هه‌ساره‌ی مه‌ریخ و پێوانی مەریخلەرزە و لەرەلەر پلەی گەرمی خاکی مەریخ. ڕۆبۆتەکە بەتەواوی لە شێوەی تاقیگەیەکی بچووکدا دروستکراوە و چەندین هەستەوەر و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی تێدا بەکارهاتووە.
2020 زاینی
ئاژانسی (CNSA)ی وڵاتی چین له 23 تەمووز 2020ی زاینی کەشتی ئاسمانی تیانوین-1ی ڕەوانەی مەریخ کرد کە بارستاییەکەی نزیکەی 5 تەنە و قورسترین تەنی دەستکردی مرۆڤە کە ڕەوانەی مەریخ کرابێت، کەشتیە ئاسمانیەکە لە 10ی شوبات 2021 چووە خولگەوە بەدەوری مەریخدا و پێکهاتووە لە مانگێکی دەستکرد و دوو ڕۆبۆتیشی لەگەڵە کە بڕیار وایە لە مانگی ئایاری ئەمساڵ لەسەر ڕووی هەسارەکە بنیشنەوە. بەنیشتنەوەی ئەم ڕۆبۆتانە چین دەبێتە دووەم وڵات کە بگاتە سەر ڕووی هەسارەی مەریخ.
2020 زاینی
وڵاتی ئیمارات بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا لە 19ی تەمووزی 2020ی زاینی مانگێکی دەستکردی بەناوی (مارس هۆپ-MARS HOPE) ڕەوانەی خولگەی هەسارەی مەریخ کرد و لە مانگی شوباتی 2021 چووە خولگەوە بەدەوری هەسارەی مەریخدا.
2020 زاینی
له ساڵی 2020ی زاینی‌دا ئاژانسی ناسا ڕۆبۆتێكی تری هاوشێوەی کیوریاسیتی ڕه‌وانه‌ی هه‌ساره‌ی مه‌ریخ كرد به ناوی (پێرسێڤێرێنس)، كه له 18-شوبات-2021ی زاینی‌دا به سه‌ركه‌وتوویی له‌سه‌ر هه‌ساره‌ی مه‌ریخ نیشته‌وه، به‌هۆی ته‌نكی به‌رگه‌هه‌وای هه‌ساره‌ی مه‌ریخه‌وه هاوشێوەی کیوریاسیتی چه‌ندین ڕێگا و ته‌كنیكی نوێ له‌م گه‌شته‌دا به‌كارهێنرا بۆ ئاسانكردنی نیشتنه‌وه‌ی ڕۆبۆته‌كه و تاوه‌كو هیچ زیانێكی پێ نه‌گات. ڕۆبۆتهکە قورسترین ڕۆبۆته كه تا ئێستا ڕه‌وانه‌ی هه‌ساره‌یه‌كی تری كۆمه‌ڵه‌ی خۆر كرابێت و بارستاییه‌كه‌ی زیاترە لە 1000كگم و هێنده‌ی قه‌باره‌ی ئۆتۆمبێلێك ده‌بێت.