خۆر نزیکترین ئەستێرەیە لێمانەوە. سەرچاوەی گەرمی و ڕووناکی و هۆکاری دروستبوونی ژیانە لەسەر هەسارەی زەوی. خۆر کەوتووەتە چەقی کۆمەڵەی خۆرەوە و هەموو هەسارە و تەنەکانی ناو کۆمەڵەی خۆر بەدەوریدا دەسووڕێنەوە. ئەستێرەی خۆر لەڕێگەی کارلێکی ناوەکیەوە هایدرۆجین دەگۆڕێت بۆ هیلیۆم و گەرمی و ڕووناکی بە هەموو کۆمەڵەی خۆردا بڵاودەکاتەوە. پلەی گەرمی سەر ڕووی خۆر 5,000 پلەی سیلیزیە و پلەی گەرمی چەقەکەی نزیکەی 15 ملیۆن پلەی سیلیزیە. تەمەنی خۆر نزیکەی 4.6 ملیار ساڵە.
شوێن و جوڵەی خۆر
بەهۆی ئەوەی کە خۆر تەنێکی ڕەق نییە ، بەشە جیاوازەکانی خۆر جیاواز لەیەکدی بەدەوری تەوەرەکەیدا دەخولێنەوە. لە هێڵی کەمەرەیدا، خۆر هەموو 25 ڕۆژ جارێک بەدەوری خۆیدا دەخولێتەوە، بەڵام لە جەمسەرەکاندا خۆر بە 36 ڕۆژ خولانەوەیەک بەدەوری خۆیدا تەواو دەکات ئەمەیش تێکهەڵچوونێک لە ئەستێرەکەدا پەیدا دەکات و ناهێڵێت سەر ڕووی ئەستێرەکە سارد ببێتەوە.
ئەستێرەی خۆر و هەموو تەنەکانی ناو کۆمەڵەی خۆر جووڵەیەکی تریان هەیە کە ئەویش سووڕانەوەیە بەدەوری چەقی کاکێشانەکەماندا و بۆ یەک سووڕانەوە بەدەوری کاکێشانەکەماندا نزیکەی 230 ملیۆن ساڵی پێویستە.
مرۆڤ و خۆر