خۆرگیران کاتێک ڕوودەدات کە مانگ دەکەوێتە نێوان هەسارەی زەوی و ئەستێرەی خۆرەوە. بەو هۆیەشەوە سێبەری مانگ دەکەوێتە سەر ڕووی زەوی و دنیا بۆ چەند خولەکێک تاریک دەبێت. هەموو 18 مانگ جارێک لە شوێنێکی جیاوازی جیهان خۆرگیران ڕوودەدات، و لە هەر شوێنێکیش خۆرگیرانی تەواوەتی ڕووبدات ئەوا تا نزیکەی 300 ساڵی تر لەو ناوچەیە خۆرگیران ڕووناداتەوە.
لەگەڵ ئەوەی قەبارەی خۆر 400 هێندەی مانگە، بەڵام کاتێک مانگ دەچێتە بەردەم خۆرەوە بە ئاسانی دایدەپۆشێت بەهۆی ئەوەی مانگ بەراورد بە خۆر 400 هێندە لە زەوی نزیکترە و هەردووکیان لە ئاسمانی زەویدا هەمان قەبارەیان هەیە.
دوایین جار 11/ئاب/1999 خۆرگیرانی تەواوەتی لە کوردستان ڕوویدا و کاتژمێر 03:45 خولەکی نیوەڕۆ ئاسمانی شاری هەولێر بەتەواوی تاریکبوو و بووە شەو. چاوەڕوان دەکرێت تا نزیکەی 300 ساڵی تر خۆرگیرانی تەواوەتی لە کوردستان ڕوونەداتەوە.
بەهۆی بچووکی قەبارەی مانگەوە تەنها بەشێکی زۆر بچووکی زەوی دەچێتە ژێر سێبەری تەواوەتی مانگەوە و بەتەواوی تاریک دەبێت. لە ئاسمانی ناوچەکانی تر مانگ تەنها بەشێکی خۆر دادەپۆشێت و لە ئەنجامدا تەنها ڕووناکی خۆر کەمدەبێتەوە لەو ناوچانە.