بوونەوەری ئاسمانی بە هەر زیندەوەرێک دەگوترێت کە لە دەرەوەی بەرگەهەوا و ژینگەی زەوی دەژی. بەدرێژایی مێژوو مرۆڤ بیری لە ئەگەری بوونی بوونەوەرە ئاسمانیەکان کردووەتە و هەر لە منداڵی و سەرەتای تەمەنیشمانەوە هەموومان ئەو پرسیارە لە خۆمان دەکەین کە ئایا بوونەوەری ئاسمانی لە دەرەوەی زەوی بوونی هەیە؟ کەواتە با بزانین زاناکان دەربارەی ئەو پرسیارە دەڵین چی؟
بەهۆی ئەوەی بە ملیاران ئەستێرەی تری وەک خۆر و ملیاران هەسارەی تاوێری لە گەردووندا بوونی هەیە زۆربەی زاناکان لەوە دڵنیان کە جگە لە زیندەوەرانی سەر ڕووی زەوی چەندین زیندەوەری تر لە گەردووندا بوونیان هەیە. جا ڕەنگە ئەو زیندەوەرانە تەنها چەند ڤایرۆس و بەکتریایەک بن یاخود گەر ژینگەی هەسارەکە زۆر گونجاو بێت ڕەنگە شارستانی و بوونەوەری زیرەکی وەک مرۆڤ بن. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا تا ئێستا هیچ زیندەوەرێک لە دەرەوەی هەسارەی زەوی نەدۆزراوەتە.
هەرچەندە زاناکان پێشبینی دەکەن کە چەندین شارستانیەتی پێشکەوتووی تر لە گەردووندا بوونی هەبێت، بەڵام فراوانی گەردوون بووەتە ڕێگر لەبەردەم گەیشتنی ئەو شارستانیەتانە بەیەکتر. بۆشایی نێوان هەسارە و ئەستێرەکان بۆ ملیاران کیلۆمەتر و ساڵی ڕووناکی درێژبووەتەوە کە بڕینی کارێکی زۆر سەختە. بۆ نموونە نزیکترین ئەستێرە لە زەویەوە جگە لە خۆر ئەستێرەی ئەلفا سێنتۆریە کە 4.3 ساڵی ڕووناکی لێمانەوە دوورە و بۆ گەیشتن بەو ئەستێرەیە بەم تەکنەلۆژیایەی ئێستا مرۆڤ لەبەردەستیدایە، پێویستمان بە 81 هەزار ساڵ هەیە. بۆیە دەتوانین بە ساددەی بڵێین کە فراوانی گەردوون و کورتی تەمەنی زیندەوەران ڕێگرە لە پێکگەیشتنی زیندەوەرانی جیهانە جیاوازەکان.