کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئەمەریکی یەکێک لە ڕۆکێتە فاڵکۆنەکانی خۆی ئامادەکردووە بۆ هەڵدانی 60 مانگی دەستکردی تری ستارلینک بۆ خولگی دەوری زەوی. چاوەڕوان دەکرێت مانگە دەستکردەکان بەرواری 17/ئایار/2020 کاتژمێر 10:53 خولەک بە کاتی هەولێر لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە هەڵبدرێن و دواتر یەک یەک بخرێنە خولگەوە بەدەوری هەسارەی زەویدا.
((فاڵکۆن، یەکێک لە بەهێزترین ڕۆکێتەکانی سەر ڕووی زەوی))
ستارلینک چییە؟
ستارلینک پڕۆژەیەکی جیهانی زۆر مەزنە لەبواری ئینتەرنێت و گواستنەوەی زانیاریدا، کۆمپانیای سپەیس ئێکس بەنیازە لە چوار ساڵی داهاتوودا 12 هەزار مانگی دەستکرد هەڵدەداتە خولگەی دەوری گۆی زەوی، پڕۆژەکە ئینتەرنێتی زۆر خێرا و زۆر هەرزان دەگەیەنێتە هەموو بستێکی سەر ڕووی زەوی، لەساڵی 2025 بەتەواوی دەست بەکاردەبێت، لەو ساڵەوە هەرچی مۆبایل و کۆمپیوتەر و ئامێرە جێگیرەکانە لەهەر شوێنێکی دونیا بن لە ڕێگای ئەم پڕۆژەیەوە دەبەسترێنەوە پێکەوە.
مانگە دەستکردەکان لەچەند خولگەیەکی نزم دەبن بەدەوری گۆی زەوی، بەرزایەکانیان لەنێوان 340 کیلۆمەتر بۆ 1150 کیلۆمەتر دەبێت، لە شەواندا زۆر بەجوانی لەهەموو شوێنەکانی سەر ڕووی گۆی زەوی دەبینرێن و وەکو ئەستێرەی درەوشاوە دەردەکەون لە ئاسمان بۆ ئێمە، بەهۆی زۆری ژمارەشیانەوە زاناکانی نیگەران کردووە و لەدوای ئەم پڕۆژەیە ئاسمانی زەوی وەک خۆی نامێنێتەوە و ئەم مانگە دەستکردانە دەبنە ڕێگر لەبەردەم لێکۆڵینەوە لە ئاسمان و ئەستێرەکان لە زەویەوە.
مانگە دەستکردەکانی ستارلینک لە ئاسماندا
تا ئێستا سپەیس ئێکس نزیکەی 340 مانگی دەستردی ستارلینکی خستووەتە خولگەوە و چاوەڕوان دەکرێت لەم مانگەدا 120 مانگی دەستکردی تر ڕەوانە بکات.
سەرچاوە: www.space.com
ئامادەکردن: هۆزان خالید حمەڕەشید
15/ئایار/2020