پەیوەندی مرۆڤ و کات لە گەدووندا:
هەموومان بە کاتدا گەشتدەکەین! بۆ نموونە هەموو ڕۆژێک مرۆڤ 24 کاتژمێر بە کاتدا گەشتدەکات. خێرایی گەشتکردنی مرۆڤ بە کاتدا لەسەر ڕووی زەوی یەکسانە بە یەک چرکە لە چرکەیەکدا.
لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک باس لە گەشتکردن بە کاتدا دەکەین، ڕاستەوخۆ خەیاڵمان بۆ گەڕانەوە بۆ چەندین ساڵ یاخود چوون بۆ چەندین ساڵی داهاتوو دەچێت، ڕاستی ئەو جۆرە لە گەشتکردنانە بە کاتدا تەنها لە کتێب و فیلمە خەیاڵیەکاندا دەبینرێت. بەڵام ئایا دەکرێت ئەوە ڕاست بێت؟ زانست پێمان دەڵێت بەڵێ!
((مرۆڤ بەردەوام لە گەردووندا گەشت بە بۆشایی و کاتدا دەکات))
چۆن دەزانین مرۆڤ دەتوانێت گەشت بە کاتدا بکات؟
نزیکەی 100 ساڵ پێش ئێستا زانای بەناوبانگ ئەلبێرت ئەنشتاین تیۆری ڕێژەی گشتی بڵاوکردەوە و بۆ یەکەمجار مرۆڤی ئاشناکرد بە چۆنێتی کارکردنی کات و بۆشایی لە گەردووندا. هەروەها ئەنشتاین ڕایگەیاند کە خێرایی سنووری هەیە و هیچ تەنێک لە گەردووندا ناتوانێت خێرایی ڕووناکی تێپەڕێنێت کە نزیکی 300 هەزار کیلۆمەترە لە چرکەیەکدا.
ئەم تیۆریە دەربارەی گەشتکردن بە کاتدا هەواڵێکی سەرنجڕاکێشی تێدابوو بۆ زاناکان! بەپێی تیۆری ڕێژەی گشتی هەتا خێراتر بە بۆشاییدا گەشتبکەین کات هێواشتر دەبێتەوە و ئەگەر بتوانین بەخێرایی ڕووناکی بە بۆشاییدا گەشتبکەین ئەوا کات دەوەستێنین. هەروەها تیۆریەکە باس لەوەش دەکات کە هێزی کێشکردن بۆشایی و کات دەچەمێنێتەوە و کاریگەری زۆر دەکاتە سەر تێپەڕبوونی کات و هەتا لە تەنێک نزیکبکەوینەوە کە هێزی کێشکردنی زیاتر بێت کاتیش زیاتر هێواش دەبێتەوە و پێشبینی کرد کە لە ناو کونە ڕەشەکاندا کات دەوەستێت. بۆ سەلماندنی ئەم دوو تیۆریەی سەرەوە هەر زوو زاناکان دەستیان کرد بە تاقیکردنەوەی زانستی.
یەکێک لە تاقیکردنەوەکان کە لە ساڵی 1971دا کرا، تاقیکردنەوەی تێپەڕبوونی کات بوو لە ناو فڕۆکە نەفەرهەڵگرەکاندا. سێ کاتژمێری ئەلکترۆنی وورد بەکارهێنران یەکێکیان لەسەر زەوی دانرا و دووانەکەی دیکەش هەر یەکەیان خرانە ناو دوو فڕۆکەی نەفەرهەڵگر، یەکێکیان بەرەو ڕۆژهەڵات و ئەوی دیکە بەرەو ڕۆژئاوا فڕین.
((جیاوازی لە کاتی ناو فڕۆکەکان بەراورد بە زەوی))
دوای ئەوەی دوو فڕۆکەکە بەدەوری جیهاندا جارێک سوڕانەوە، بینرا کە کاتی کاتژمێری ناو فڕۆکەکان بەراورد بە کاتی کاتژمێرەکەی سەر زەوی گۆڕانی بەسەردا هاتووە. کات لەو فڕۆکەیەی کە بەرەو ڕۆژهەڵات ڕۆیشتبوو هێواشتر ببووەوە بەراورد بە کاتژمێرەکەی سەر زەوی، چونکە خێرایی فڕۆکەکە و خێرایی خولانەوەی زەوی پێکەوە کاریگەری هێزی کێشکردنیان لەسەر کات و بۆشایی کەمکردبووەوە. کات لەو فڕۆکەیەی کە بەرەو ڕۆژئاوا ڕۆیشتبوو خێراتر ببوو چونکە بەردەوام لە جوڵەدا بووە بە پێچەوانەی ئاڕاستەی خولانەوەی زەوی و زیاتر کەوتووەتە بەر هێزی کێشکردنی زەوی و بەمەش تێپەڕبوونی کات خێراتر بووە لەو کاتژمێرەی کە لەسەر زەوی بووە. هەرچەندە بەهۆی خاوی فڕۆکەکانەوە ئەم جیاوازیانە تەنها چەند نانۆ چرکەیەک بوون، بەڵام هەنگاوێکی زۆر گەورەبوو بۆ سەلماندنی تیۆری ڕێژەی گشتی و گەشتکردن بە کاتدا.
گەشتکردنی تەنەکان بە کاتدا چۆن کاریگەری کردووەتە سەر ژیانی ڕۆژانەمان؟
بەهۆی بەهێزی هێزی کێشکردنی زەوی و سنوورداری خێرایی تەنەکان لەسەر زەوی، ڕەنگە هەستکردن بە گۆڕانی کات کارێکی زۆر قورس بێت و لەسەر ڕووی زەوی لە چەند نانۆچرکەیەک تێنەپەڕێت. بەڵام شتەکان تەواو دەگۆڕێن کاتێک ڕوودەکەینە بۆشایی ئاسمان. بەهۆی ئەوەی مرۆڤ هێشتا لە قۆناغەکانی سەرەتای گەشتکردنێتی بۆ بۆشایی ئاسمان، ڕەنگە ئێستا بۆ زۆرێکمان بابەتەکە وەک خەیاڵی لێبێت گەر باس لە کەشتییە خێراکانی داهاتوو و خاوبوونەوەی کات و تەمەنی کەشتیوانان بکەین، بۆیە باشترە باس لە ئێستا بکەین و ئەو بابەتە هەڵگرین بۆ نەوەکانی داهاتوو.
لە نموونەی ئەو تەنانەی کە ئەزموونی تێپەڕبوونی کات بۆیان جیاوازە لە ئێمە، بریتییە لە مانگە دەستکردەکانی (جی پی ئێس - GPS)، کە ئێستا بوونەتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی هەموو خەڵک و هەموو کەس بەهۆیانەوە شوێنی خۆی لە سەر زەوی دەزانێت.
مانگە دەستکردەکانی سیستمی جی پی ئێس بە خێرایی 14 هەزار کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەجوڵێن و لە خولگەیەکی زۆر بەرز کە زیاترە لە 20 هەزار کیلۆمەتر لە دەوری زەوی دانراون تاوەکو یارمەتیدەربن لە دەستنیشانکردنی شوێنی مانگەدەستکردەکانی تریش.
((شێوازێکی ساددەی دانانی سیستمەکانی جی پی ئێس بەدەوری زەویدا))
بەشێوازێکی تر دەتوانین بڵێین کە خێرایی مانگە دەستکردەکە، دەبێتە هۆی هێواشبوونەوەی تێپەڕبوونی کات بۆی، بەڵام لە سیستمی جی پی ئێسدا بەهۆی ئەوەی لە خولگەیەکی زۆر بەرزدایە، بۆیە کاریگەری نەبوونی هێزی کێشکردنی زەوی لەسەر کاتەکەی زیاترە و بەمەش تێپەڕبوونی کات لەم مانگە دەستکردانە خێراترە لە تێپەڕبوونی کات لەسەر ڕووی زەوی.
هەرچەندە ئەم جیاوازیەش لە کاتدا زۆر کەمە، بەڵام ئەگەر زاناکان بەردەوام ئەم جیاوازیە ڕاست نەکەنەوە ئەوا بەتێپەڕبوونی کات جیاوازیەکە زۆر دەبێت و هەموو سیستمەکە تێکدەچێت. گەر مرۆڤ لەڕێی تیۆری ڕێژەی گشتیەوە بەم تایبەنمەندیەی کات ئاشنا نەبوایە، ئەوا زاناکان نەیاندەزانی هۆکاری هەڵە خوێندنەوەی مانگە دەستکردەکانی جی پی ئێس چیە و بێ ڕاستکردنەوەی داتاکان بە تێپەڕبوونی هەر ڕۆژێک شوێنەکەت نزیکەی کیلۆمەترێک لە ماڵەکەت یاخود لەو شوێنەی لێیت لەسەر نەخشەی مۆبایلەکەت دووردەکەوتەوە.
سەرچاوە: spaceplace.nasa.gov
ئامادەکردن: هۆزان خالید حمەڕەشید
10/ئایار/2020