کۆمەڵەی خۆر لە هەشت هەسارە پێکهاتووە، کە هەریەکەیان تایبەندمەندی تایبەت بە خۆی هەیە و جیهانێکی تەواو جیاوازە لەوانی دیکە. چەندین هۆکار دەبنە هۆی دروستبوونی ئەو جیاوازیانە، لەوانە پێکهاتەی کیمیایی هەسارەکە و دووری لە ئەستێرەی خۆر و پێکهاتەی بەرگەهەوا و جوڵەی هەسارەکە... هتد.
لەم بابەتەی ئەمڕۆماندا باس لە جوڵەی هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆر دەکەین کە کاریگەریەکی گەورەی هەیە لەسەر هەسارەکان و ژینگەکەیان. لاری تەوەرەی خولانەوە جیاوازی وەرزەکان، و ماوەی سوڕانەوەشی بەدەوری خۆردا درێژی ماوەی هەر وەرزێک، و ماوەی خولانەوەش درێژی شەو و ڕۆژمان بۆ دەردەخات لەسەر ڕووی هەر هەسارەیەک.
1. لاری تەوەرەی خولانەوە
لاری تەوەرەی خولانەوە دەورێکی باڵای هەیە لە دروستبوونی وەرزەکان، بەجۆرێک تا لاری تەوەرەی خولانەوە نزیکبێت لە گۆشەی 90 ئەوا جیاوازی وەرزەکانیش زیاتر دەبێت. لاری تەوەرەی خولانەوەی هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆر بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
هەسارەی عەتارد= 0 پلە، واتا هیچ وەرزێک لەسەر هەسارەکە بوونی نییە.
هەسارەی ڤینۆس= 177 پلە، لاری تەوەرەی خولانەوەی ڤینۆس هێندە زۆرە کە بەنزیکەی 180 پلە هەسارەکەی هەڵگەڕانووەتەوە و بەپێچەوانەی هەموو هەسارەکانی تری کۆمەڵەی خۆر بە ئاڕاستەی میلی کاتژمێر بەدەوری خۆیدا دەخولێتەوە.
هەسارەی زەوی= 23.4 پلە، چوار وەرزی جیاوازی لەسەر ڕووەکەی دروست کردووە.
هەسارەی مەریخ= 25.2 پلە، جیاوازی وەرزەکانی لە هەموو هەسارەکانی تر زیاتر لە زەوی دەچێت.
هەسارەی موشتەری= 3.1 پلە، جیاوازیەکی ئەوتۆ بەدیناکرێت لەنێوان وەرزەکان.
هەسارەی زوحەل= 26.7 پلە، بەهۆی دووری لە خۆرەوە جیاوازی وەرزەکان زۆر نییە.
هەسارەی ئۆرانۆس= 97.8 پلە، جیاواز لە هەسارەکانی تر بەهۆی زۆری لاری تەوەرەی خولانەوەکەی ئەم هەسارەیە زۆربەی کات لایەکی لە خۆرە و بۆ ماوەی 42 ساڵ لە جەمسەرێکی ڕۆژە و لە جەمسەرەکەی تری شەوە و بەپێچەوانەوە.
هەسارەی نیپتۆن= 28.3 پلە، دووری هەسارەکە لە خۆرەوە وایکردووە کە گۆڕانی وەرزەکان هیچ جیاوازیەک دروستنەکات.
((بەراوردی لاری تەوەرەی هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆر))
2. ماوەی خولانەوەی هەسارەکان بەدەوری خۆیاندا
ماوەی خولانەوەی هەسارەکان دەورێکی گرنگی لە درێژی شەو و ڕۆژ و ماوەی بەرکەوتنی خۆر بەسەر ڕووی هەسارەکە و پلەی گەرمی هەسارەکە هەیە. ماوەی خولانەوەی هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆر بەم شێوەیەی لای خوارەوەیە:
هەسارەی عەتارد= 58 ڕۆژ و 16 کاتژمێر، دوو ساڵ لەسەر ڕووی عەتارد تەنها 3 ڕۆژە.
هەسارەی ڤینۆس= 243 ڕۆژ و 26 خولەک، لەسەر ڕووی ڤینۆس ساڵێکدا تەنها یەک جار خۆر هەڵدێت.
هەسارەی زەوی= 23 کاتژمێر و 56 خولەک
هەسارەی مەریخ= 24 کاتژمێر و 26 خولەک، ماوەی ڕۆژ و شەوی مەریخ زۆر نزیکە لە زەوی.
هەسارەی موشتەری= 9 کاتژمێر و 55 خولەک، لەگەڵ گەورەی قەبارەکەیدا، لە ناو هەمووهەسارەکانی کۆمەڵەی خۆردا موشتەری بە کەمترین ماوە بەدەوری خۆیدا دەخولێتەوە.
هەسارەی زوحەل= 10 کاتژمێر و 33 خولەک.
هەسارەی ئۆرانۆس= 17 کاتژمێر و 14 خولەک.
هەسارەی نیپتۆن= 16 کاتژمێر.
((بەراوردی ماوەی خولانەوەی هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆر))
3. ماوەی سووڕانەوەی هەسارەکان بەدەوری خۆردا
ماوەی سوڕانەوەی هەسارەکان بەدەوری خۆردا کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر درێژی ماوەی وەرزەکان و ژینگەی هەسارەکان. ماوەی سووڕانەوەی هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆر بەدەوری ئەستێرەی خۆردا بەم شێوەیەی لای خوارەوەیە:
هەسارەی عەتارد= 88 ڕۆژ.
هەسارەی ڤینۆس= 225 ڕۆژ.
هەسارەی زەوی= 365 ڕۆژ
هەسارەی مەریخ= 687 ڕۆژ.
هەسارەی موشتەری= 12 ساڵ.
هەسارەی زوحەل= 30 ساڵ.
هەسارەی ئۆرانۆس= 84 ساڵ.
هەسارەی نیپتۆن= 165 ساڵ.
((بەراوردی ماوەی سووڕانەوەی هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆر))
سەرچاوە: physicsj@ لە تویتەر - solarsystem.nasa.gov
هۆزان خالید حمەڕەشید
06/ئایار/2020