62

           چەند کورتەزانیارییەک سەبارەت بە چین



ئەم کورتە نووسراوەیەی خوارەوە کۆمەڵێک زانیاریی نەبیسراو یان کەم بیستراوە کە دەستی یەکەمە سەبارەت بە چین و چینییەکان و لە هیج زمانێکی ترەوە نەکراوەتە کوردی.  هیوادارم تاکی کورد سوودی لێوەربگرێت.


وێژەی کلاسیکی جیهانی کە پێکدێت لە چیرۆک و رۆمان و هۆنراوە و ژانرە هونەرییەکانی دی سەرچاوەی یەکەمی رۆشنبیری و بڵاوبوونەوەی هزری نوێ و فەرهەنگی نوێیە لە جیهانی هاوچەرخدا.  ئەم وێژەیە زمانە ماکەکەی هەرچی بێت و لە هەر وڵات و گۆشەیەکی جیهانەوە سەرچاوەی گرتبێت، بۆ زۆربەی زمانە زیندووەکانی جیهان وەرگێردراوە و چاپ و بڵاو بووەتەوە.  وڵاتی چین کە تا سەرەتای دەیەی نەوەدی زایینی وڵاتێکی کۆمونیستیی داخراو بوو تا ئێستایش رێگای بە بڵاوبوونەوەی وێژەی کلاسیکی جیهانی نەداوە و ناهێڵێت ئەو فەرهەنگە بچێتە نێو کۆمەڵگەی چینییەوە.  ئەو پەرتووکانەیش کە لە ریزی وێژەی کلاسیک هەژمار دەکرێن و وەردەگێڕدرێنە سەر زمانی چینی و حکومەتی چین رێگای بڵاوبوونەوەیان پێدەدات، یان دەبێ لە بێژینگی پارتی کۆمونیست بدرێن یان دەبێ نێوەرۆکەکەیان بە ویست و ئارەزووی پارتی کۆمونیست بگۆڕدرێت.  هەربۆیە پەرتووک خوێنەرانی چینی دەڵێن ئەگەر دەتەوێت مەبەست و پەیامی راست و دروستی نووسەر یا هۆنەرێکی کلاسیکی جیهانی بزانیت بڕۆ زمانە ماکەکەی بخوێنەوە نەک وەرگێڕدراوە چیینیەکەی. 

وڵاتی چینیش وەک وڵاتی خۆمان هێشتا زۆر لە گوند و شارەدێ دوورەدەستەکانی جادە و ئاویان بۆ رانەکێشراوە و لە نیعمەتی ئەنتەرنێت و تەکنۆلۆژیای تازە بیبەشن.  جیاوازیی نێوان شارنشین و لادێنشینان زۆر زەق و بەرچاوە.  لەوێ یەکێک لە ماناکانی لادێنشینی بریتییە لە هەژاری و دەسکورتی.  ئەوانەی لە لادێ دەژین بە ژیانی سادە و دەرامەتی کەم رازین و دەیگوزەرێنن.  لانیکەم پارچە خاکێکیان هەیە کاری لەسەر بکەن یان چەند ئاژەڵێکیان هەیە بەرهەمەکەی بخۆن.  یان هەر نەبێت ئەو خانووەی تێیدا دەژێن کرێ نییە و هی خۆیانە.  خوێندنی منداڵان تاسایێ نۆیەم زۆرەملییە بەڵام لەوە بەدوواوە دەتوانن قوتابخانە بەجێ بهێڵن.  زۆربەی گوندەکانی چین تەنیا قوتابخانەی سەرەتاییان هەیە و منداڵ لە دوای قۆناغی سەرەتایی دەبێ رووبکاتە شار بۆدرێژەدان بە خوێندن. یەکەم قوتابخانەی لادێ ساڵی ١٠٧٤ واتە سەردەمی هێرشی مەغۆلەکان لە وڵاتی چین کراوەتەوە.


زمانی ماندرین کە زمانی دایکیی نەژادی “هان”ە و زۆربەیان نیشتەجێی بەشی باکووری چینن زمانی یەکەم و فەرمیی وڵاتە و بە درێژایی مێژووی چین هەر ئەم زمانە یەکەم زمانی فەرمی بووە.  ناوی “هان” لە ناوی زنجیرە ئیمپراتۆری “هان”ەوە هاتووە کە ساڵانی ٢٠٢ی پێش زایین تا ٢٠٦ی زایینی فەرمانڕەواییان کردووە.  وشەی ماندرین هیچ پەیوەندییەکی بە زمانی چینییەوە نییە و چیرۆکی تایبەت بە خۆی هەیە کە چۆن وشەیەکی سانسکریتی چووەتە نێو زمانی پۆرتوگالی و پاشان لەوێوە چووەتە نێو ئینگلیسییەوە و.. چینییەکان خۆیان بەم زمانە دەڵێن “گوانهوا” واتە زمانی دەسەڵاتداران.  زمانی کانتۆنی کە دووەمین گەورە زمانی چینە بەفەرمی رێگای خوێندن و بەکارهێنانی پێنەدراوە بەڵام چاپەمەنی بەم زمانە ئازادە.  ئەم زمانە لە ویلایەتی “گوانگدۆنگ” زمانی یەکەمە و هەر بە ناوی “گوانگدۆنگ” ناسراوە بەڵام دواتر ئەوروپاییەکان بەهۆی جیاوازیی تەلەفوزەوە کردوویانە بە “کانتۆن”.  زمانی گوانگدۆنگ لە “هۆنگ کۆنگ”  و “ماکاو” زمانی فەرمیی وڵاتە چونکە خەڵکی ئەو دوو شوێنە هەموویان بەم زمانە دەدوێن.  پۆروتوگاڵییەکان یەکەم ئەوروپایی بوون کە ساڵی١٥١٣ گەیشتنە خاکی هۆنگکۆنگ و دەستیانکرد بە بازرگانیکردن لەگەڵ چینییەکان و پاشان بەهۆی دروستبوونی ناکۆکی و تێکهەڵچوون لە نێوانیاندا دەریانکردن.  ئەوەی شایانی سەرنجە بابەتی موسوڵمانەکانی چینە کە زۆریان تورک نەژادن.  ئەوان کە لەسەدا دەی خەڵکی چین پێکدێنن دەسەڵاتی خۆجێیی خۆیان هەیە و زمانەکەیان زمانی فەرمییە لە هەرێمی خۆیان (سینجیان)دا و لە پاڵ زمانی چینیدا لە هەموو بوارەکاندا بەکاردەهێنرێت.  دەسەڵاتی هەرێمەکە لە دەستی پۆلیسی موسوڵماندایە کە بە هاوئاهەنگی لەگەل پۆلیسی ناوەندی کاروبارەکان رایی دەکەن.  بۆ نموونە ئەگەر موسوڵمانێک لە دەرەوەی هەرێمی موسوڵمان نشین تاوانێک بکات یان تووشی کێشەیەک بێت پۆلیسی ناوەندی کەیسی ئەو کەسە رادەستی پۆلیسی موسڵمان دەکات بۆ پێڕاگەیشتن و خۆی دەست لە کاروباری وەرنادات.    خوێندن و کارگێڕی و بەڕێوەبەریی هەرێمەکە هەمووی بە زمانی چینی و ئویگورە کە تا ئێستایش رێنووسی ئارامی بەکاردەهێنن کە زۆر لە رێنووسی کوردییەوە نزیکە.  لەم بارەیەوە دەڵێن لە رۆژنامەکانی چین دا لە چەند ساڵانەی دواییدا باس لە رووداوێک کراوە گوایە لە شای بەیجینگ کابرایەکی موسوڵمان بە یەکێک لە شەقامەکاندا تێدەپەڕێت، بۆنی تکە دەگاتە لووتی.  تکە لە نێو موسوڵمانەکاندا بەناوبانەگە و لە رێگای ئەوانیشیوە بە هەموو چیندا بڵاوبووەتەوە.  ئیتر تێر بۆنەکەی هەڵدەمژێت و بەرەوە لای کابرا دەچێت کە لە سەر شۆستەکە خەریکی تکە براژاندنە؛ سەیر دەکات ئەوە تکەی گۆشتی بەرازە؛  دەسبەجێ کابرا و مێز و کەلوپەلی گۆشتبرژاندنی دەداتە بەر شەق و بەسەریدا دەگوڕێنێت دەڵێت هەقت نییە لێرە گۆشت بەراز ببرژێنیت؛ ئەوا من لە پەنجا مەترەوە بۆنی گۆشت بەرازی تۆم هەڵمژیوە!  جگە لە سینجیان بەشێکی زۆریش لە دانیشتووانی ناوچەکانی هەرێمەکانی رۆژاوای چین کە بە نەژاد و زمان چینی موسوڵمانن و هەمان ئەو مافانەی تورکەکانیان پێدراوە.  هەروەها ویلایەتەکانی تیبەت و مۆنگۆلیای ناوینیش خۆسەرن و لەپاڵ زمانی چینی دا زمانی تایبەت بە خۆیان لە هەموو بوارەکاندا بەکاردەبەن. 


لە وڵاتی چین هەزاران کاناڵی رادیۆ و تەلەڤیزیۆنی خۆجێی و سەتەلایت هەن کە هەر هەموویان لەلایەن حکومەتەوە بەڕێوە دەبردرێن و سەرپەرەستی و چاودێری دەکرێن و هیچکامیان تایبەتی نین.  تێچووی رۆژانەی ئەم کاناڵانەیش هەمووی لە رێگای رێکڵام و پەیامە بازرگانییەکانەوە دابیندەکرێت کە حکومەت دەستی دەکەوێت.  شتێک کە هەرگیز چینییەکان بیر لە گرانبوونی ناکەنەوە بەنزین و گازۆیلە، لەبەرئەوەی لە کۆنترۆلی حکومەتدایە و سوبسیدی لەسەرە، گرانی و هەرزانیی بازاڕی نێونەتەوەیی هیج کارێک ناکاتە سەر نرخی بەنزین و گازۆیل لە نێوخۆی چین و نرخەکەی دیاریکراوە.

شتی نەزانراو و شاردراوە سەبارەت بە چین زۆرە یەکێک لەوانە ناوی خودی پێشەوای وڵاتی چین و ناوی پایتەختی ئەم وڵاتەیە.  ئێمەی کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستان ژیابێتین زانیارییەکانمان لە ڕیگای زمانی فەرمی ئەوێوە پێگەیشتووە.  بۆنموونە تا ئێستایش ناوی پێشەوای چین لەزمانی فارسی دا ئاوا دەنووسرێت “ مائو تسە دون”  لە زمانی عەرەبی دا دەنووسن “ماو تسی تونغ” بەڵام راستییەکەی  ناوی ئەو کابرایە بریتییە لە “ماو زی دونگ”  دەنگی “ز” بەشێوەیەکی قەڵەو و دەنگی “نگ” لە رێگای لووتەوە تەلەفوز دەکرێن.   هەروەها ناوی پایتەختی چین جاران ئینگلیسەکان دەیانگوت “پیکینگ”، فارسەکان دەیانگوت” پێکەن” و عەرەبەکان دەیانگوت “ بەککین”  سەرەنجام دەرکەوت کە هەموویان هەڵە و ناڕاستن و راستییەکەی بریتییە لە “بەیجینگ”.  وشەی “چین” کە ئەمڕۆ لە کوردی و فارسی دا بۆ ناوی ئەم وڵاتە بەکاردەهێنرێت لە “چین شی هوانگ”ەوە هاتووە کە ناوی یەکەمین ئیمپراتۆری زنجیرە ئیمپراتۆرییەکانی ئەم وڵاتەیە؛ و ساڵی ٢٢١- ٢٠٦ی بەر لە زایین فەرمانڕەواییان کردووە.  ناوی چین لە زمانی چینیدا بریتییە لە “جونگووا” کە دوو وشەیە “جون” واتە نێوەند یا نێوەراست و “گووا” واتە وڵات یا خاک؛  واتە وڵاتی نێوەراست.  یەکەم جار کە بناغەی ئیمپراتۆریی چین دامەزراوە لە ناوچەیەک کە ئێستا شاری “خۆنان” گەورەشارییەتی لە نزیک رووباری زەرد دامەزراوە و تا ساڵانێکی زۆر هەر ئەوێ پایتەختی چین بووە.  دوای ئەوەی مەغۆلەکان چین داگیردەکەن پایتەخت دەگوێزنەوە بۆ “بەیجینگ”. ئەو رووبارە زەردە و شاری “خۆنان”ە دەکەونە نیوەندی وڵاتی چین هەربۆیە بە وڵاتی نێوەراست یان ناوین ناسراوە. یەکەمین زنجیرە ئیمپراتۆری وڵاتی چین لە ساڵی ٢١٠٠ تا ١٦٠٠ی پێش زایین دامەزراوە و بەردەوام بوو کە بە زنجیرەی “سیا” (دەنگی س بەشێوەی ص ی عەرەبی تەلەفوزدەکرێت) ناسراوە. بەدوای ئەودا زنجیرەکانی شانگ، جوو، چین، هانی رۆژاوا، سین، هانی رۆژهەڵات، سێ شانشینەکە، جین، زنجیرەکانی باکووری و باشووری، سوی، تانگ، پێنج زنجیرە و دە شانشینەکە، سۆنگ، لیاو، جین، زنجیرەی سیای رۆژاوا، یوان، مینگ و چینگ کە دو زنجیرەی ئیمپراتۆرەکان بوو و دوای ئەو کۆماری چین دامەزرا.  مێژووزانان پتر چاخەکانی زنجیرەی چین تا چینگ بە سەردەمی ئیمپراتۆریی وڵاتی چین ناودەبەن.  شایانی باسە کە زنجیرە ئیمپراتۆری “سیا” و “شانگ”  بیروبۆچوونی جیاواز هەڵدەگرن و مێژووزانان لەبارەی سەردەم و دەسەڵاتیانەوە یەکدەنگ نین.


لە رووی زمانەوە دەکرێ بڵێین زمانی چینی یەکێکە لە سەختترین زمانەکانی جیهان. چونکە واتای وشەکانی بە گۆڕانی ئاهەنگ و ئاوازی تەلەفوزکردنەوە دەگۆڕێت.  ئەوان خۆیان دەڵێن ئەگەر کەسێک بتوانێت ٢٠٠٠ وشەی چینی فێر بێت دەتوانێت بابەت بە زمانی چینی بنووسێت چونکە وشە لەزمانی چینی دا تەنیا یەک مانای نییە بەڵکوو زۆربەی وشەکان نزیکەی چوار واتای جیاواز و زۆر جار دژبەیەک دەگەیەنن..  ئاهەنگ و ئاوازی ئاخاوتن لەم زمانەدا ئەوەندە گرنگە کە زۆر جار رستەیەک بە گۆڕینی ئاوازەکەی ماناکەی سەداسەد دەگۆڕێت.  تایبەتمەندییەکی زمانی چینی لەمەدایە کە ئامراز یا وشەیەکی تایبەتی نییە بۆ گۆڕینی تاک بۆ کۆ.  وەک لە زمانی کوردی دا پاشگری “ان” تاک دەکاتە کۆ.  ئەوان بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە ناچارن وشەکانی وەک “هەموو، زۆر، هەندێک، کۆمەڵێک، ژمارەیەک” و هتد… بەکاربهێنن.  تایبەتمەنییەکی تری ئەم زمانە ئەمەیە کە وشەی پرسیارکردن کە لە کوردیدا بریتییە لە “ئایا” و لە زۆر زمانی ئەوروپاییدا بە پاش و پێشکردنی فرمان لەگەڵ ناو یا جێناو دروست دەبێت، لە چینیدا بریتییە لە وشەی “ما” کە دەکەوێتە دوای فرمانەوە.   شایانی باسە کە فیربوونی زمانی چینی بۆ کەسێکی ناچینی رێنووسی چینی ناگرێتەوە بەڵکوو ئەو کەسە هەر دەتوانێت ئەوەندە فێربێت وشەکان بە تەلەفوز یان فۆنەتیکی ئینگلیسی بنووسێتەوە ئەگینا فێربوونی رێنووسی چینی زۆر چەتوونە.  لە راستیدا رێنووسی چینی بریتییە لە وێنە.  واتە هەر وشەیەک وێنەیەکە و دەبێ لە مێشک و زەین دا وێنەکە هەڵبگیرێت.  هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کە تا ئێستا هیچ کەسێکی ناچینی پەرتووکێک یان نووسراوەیەکی چینیی وەرنەگێڕاوە بۆ زمانێکی تر؛ تەنیا چینییەکان خۆیان دەتوانن ئەم کارە بکەن.  چینییەکی ئاسایی کە بابەتی رۆژنامە یا گۆڤارێک دەخوێنیتەوە ناتوانێت هەموو بابەتەکە بە تەواوی بخوێنیتەوە و تێبگات، چونکە لەو کاتەدا هەموو وێنە وشەکان نایەنەوە یادەوەریی تا لێیان تێبگات، یان زۆر وێنەوشە هەیە کە هەر نەیدیتووە و نازانێت چۆن بیخوێنێتەوە.  جێگای ئاماژەیە کە لەم سەردەمەدا زمانی چینی واتە گوانهوا بریتییە لە دوو زمانی نووسین “چینیی ئاسانکراو؛ کە زمانی فەرمیی چینە و “چینیی نەریتی” کە زمانی فەرمیی هۆنگکۆنگ و تایوانە.  چینیی نەریتی زۆر سەختە و هەموو چینییەک لێی تێناگات.  دەسەڵاتی تایوان و هۆنگکۆنگ تەنیا بۆ سەلماندنی جیاوازیی نێوان چین و خۆیان ئەم زمانە بەکاردەهێنن نەک لەبەر هۆیەکی تر؛ هەروەکوو چۆن لە باشووری کوردستانیش زۆربەی وشەکان بوونەتە دەبڵ، یەک دەڵێ ژن، ئەوی دی دەڵی ئافرەت، یەک دەڵێ قوتابی ئەوی دی دەڵێ خوێندکار، یەک دەڵێ کراس زەردێ ئەوی دی دەڵێ سەوزەڵێ خانم..

 تایوان کە بە بەراورد لەگەڵ چین دورگەیەکی زۆر بچووکە، پێکهاتووە لە سێ تیرەی جیاواز.  خەڵکی رەسەنی ئەوێ تیرەیەکن کە بە زمان، رەنگ، قەد و باڵا و نەریتیان جیاوازن لە هەموو چینییەک.  ئەوان رەنگیان قاوەییە و چوارشانەن و لەم رووەوە پتر لە دانیشتوانی رەسەنی دورگەکانی زەریای ئارام دەچن.  پێشتریش لە ئەنجامی پشکنینی دی ئێن ئەی دا سەلمێندراوە کە ماورییەکانی نیوزیلەند نزیکایەتییان لەگەڵ تایوانیەکاندا هەیە. تیرەی دووەمی تایوانییەکان خەڵکێکی ترن کە لە چینەوە چوونەتە ئەوێ.  ئەوانیش زمانی تایبەتی خۆیانیان هەیە بەڵام رەنگ و شێوازیان هەر وەک چینییەکانە و بەشی زۆریان لە خاکی چین و لە نزیک سنووورە ئاوییەکانی تایوان دەژین.  تیرەی سێیەم کە زۆرینەی خەڵکی تایوان پێکدەهێنن و دەسەڵاتی وڵاتیان لە دەستدایە و زمانەکەیان زمانی فەرمیی وڵاتە پاشماوەی ئەو سەرباز و هێزانەن کە لە کاتی شەڕی نێوخۆیی چین دا لە ئەنجامی شکستخواردن چینیان بەجێ هێشت و چوونە تایوان و لەوێ درێژەیان بە فەرمانڕەوایی بە ناوی حکومەتی چینی میللی دا و خۆیان بە خاوەنی شەرعیی هەموو چین دەزانی و نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەمانی بە فەرمی دەناسی.  ئەوان سەر بە پارتی نەتەوەیی چین بوون کە بە زمانی چینی بە “جوانگوا گومیندانگ” ناسراوە و لە ساڵی ١٩١٢ لە دوای رووخاندنی دەسەڵاتی ئیمپراتۆریی چینەوە فەرمانڕەواییان دەکرد؛ بەڵام دواتر بە سەرهەڵدانی کۆمۆنیستەکان وردە وردە پاشەکشەیان پێکرا و دەسەڵاتیان کەم بوویەوە سەرەنجام تووشی نوشوستی هاتن.  تا ساڵی ١٩٧١ چینی میللی خاوەنی کورسیی وڵاتی چین بوو لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا و چینی کۆمونیست لەلایەن زۆربەی وڵاتانەوە بە فەرمی نەناسرابوو، بەڵام لەو ساڵە بەدواوە بەرەبەرە ناوی چینی میللی سڕایەوە و باڵوێزخانەکانی دران بە چینی کۆمونیست و وڵاتانی دنیا وەک تایوان واتە ناوی دورگەکە خۆی ناوی دەبەن نەک وەک دەوڵەت و وڵاتی چین. 


شایانی باسە کە لە دوای رووخانی سیستمی ئیمپراتۆری و دامەزرانی سیستمی کۆماری، چین بەرەو لاوازی چوو، دەوڵەتە کۆڵؤنیالیستەکانی ژاپۆن، بریتانیا و ئەمریکا دەستیان بەسەرداگرت.  سەرەنجام چینییەکان توانیان داگیرکەرەکان وەدەربنێن؛ بەڵام دوای ئەوە شەڕی نێوخۆیی لە نێوان پارتی کۆمونیست و پارتی نەتەوەییدا دروست بوو کە ساڵی ١٩٤٩ بە شکانی پارتی نەتەوەیی کە پارتی دەسەڵاتدار بوو، دوایی هات.  یەکەم شەڕ لە نێوان بریتانیا و چینیەکان دا ساڵی ١٨٣٩ روویدا کاتێک کە چین بڕیاریدا رێگابگرێت لە هاتنەناوەی ئەفیون بۆ چین.  ئەوکاتە ئەوروپاییەکان ماددە هۆشبەرەکانیان هەناردەی چین دەکرد.  ئەمە بوو بە هۆی دروستبوونی دوو جەنگ لە نێوانیانا کە بە جەنگی ئەفیون ناسراوە.  بە دوای ئەم جەنگانەدا بریتانیا هۆنگکۆنگ داگیردەکات و دەیکاتە کۆڵۆنیی خۆی و شاری ڤیکتۆریا لەوێ بنیاتدەنێت.  لە ئاکامی داگیرکارییەکاندا هۆنگکۆنگ و ماکاو هەرکام بۆ ماوەی نەوەد و نۆ ساڵ درابوون بە بریتانیا و سپانیا تا ساڵی ١٩٩٧ کە بە فەرمی درانەوە بە چین.  جێگای سەرنجە تا ئێستایش چین دەسکاریی سیستمی سیاسی و کارگێڕیی هۆنگکۆنگ و ماکاوی نەکردووە و لەگەڵ بریتانیا وا رێککەوتووە کە لانیکەم تا ماوەی پەنجا ساڵ بە ناوی وڵاتێک و دوو سیستمی کارگێڕی بمێنیێتەوە.  هەرکام لەوان خاوەنی ئاڵا و دراو و پاسپۆرتی فەرمیی خۆیانن.  وشەی هۆنگکۆنگ وشەیەکە ئەوروپاییەکان بەگوێرەی تەلەفوزی خۆیان دایانڕشتووە، چەند لێکدانەوەیەکی بۆ کراوە بەڵام هێشتا بەتەواوی روون نییە ماکەی وشەکە چییە و لە چییەوە هاتووە.  ئەگەری زۆری هەیە لە “هیونگ گونگ جار”ەوە هاتبێت کە ناوی بەندەرێکی بچووکە لە ناوچەکەدا و واتای “بەندەری بۆنخۆش” دەدات؛ و یەکەم بەندەر بووە کە ئەوروپاییەکان لێی بنەجێ بوون.


وشە و ئامرازەکانی پێوانە و کێشانە کە لە ئاستی جیهانیدا بوونەتە باو و لە سەر بناغەی زمانی فرانسی دانراون، وەک مەتر، سانتیمەتر، لیتر، کیلۆ و تۆن و.. لە زمانی چینی دا هەمان ئەم کێشانە و پێوانانەن بەڵام ناوەکانیان گۆڕدراوە بۆ وشەی چینی.  چینییەکانیش وەکوو کوردەواری "بست" بۆ پێوانە بەکاردەهێنن نەک "پێ".  وەرگێڕان لە زمانەکانی ترەوە بۆ چینی کارێکی ئاسان نییە و جیاوازە لە زمانەکانی دیکە.  بۆ نموونە ئەگەر پەرەگرافێکی دە دێری لە ئینگلیسییەوە وەربگێڕدرێتە سەر چینی، پەرەگرافە چینییەکە رەنگە ببێتە پازدە بۆ بیست دێر.  ئەوان دەڵێن زمانی ئینگلیسی زمانی رەوانبێژی و لۆژیکە بەڵام چینی زمانی رەوانبێژی نییە بۆیە بۆ زۆربەی وشە ئینگلیسییەکان پێویستیی بە شرۆڤەیە و واتای وشە بە وشە لەگەڵی ڕێک ناکەوێت و هیچ واتایەک نابەخشێت بە وەرگێڕداوە چینییەکە.  وەک لای زۆربەی خەڵکی ئاشکرایە چین یەکێکە لە کۆنترین وڵاتەکان و خاوەنی کۆنترین شارستانییەتەکانە لە جیهاندا.  رووباری “چان جیان” هەروەک رووباری نیل لە ئەفریقا و دەجلە و فرات لە میزۆپۆتامیا و ئامازۆن لە ئەمریکا لانکەی ئەو شارستانییەتە مەزنەی خۆروەزانی جیهان بووە. هەموو چینییەک دەزانێت کە وڵات و شارستانییەتەکەیان هەزاران ساڵ تەمەنییەتی بەڵام کەس نازانێت ئەمساڵ ساڵی چەندی چینییە چونکە ئەمە لێکدانەوەی تایبەتی خۆی هەیە و کاری کەسانی پسپۆرە؛ پسپۆرەکانیش بوون بە سێ دەستە و هەر دەستەیەک بە جۆرێک بڕیاریان لەسەر دەسپێیکی یەکەم ساڵی چینی داوە بۆ نموونە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ی زایینی دەکرێ هەرکام لەمانە بێت: ٤٧١٣، ٤٧١٢ یا ٤٦٥٢.  چینییەکان لە کاتێکدا کە ساڵی زایینی وەک رۆژژمێری فەرمیی خۆیان بەکاردەهێنن بەڵام ساڵی تازەیان بە گوێرەی رۆژژمێری کۆنی چینی جەژن دەگرن کە ئەویش لە سەر بنەمای رۆژژمێری هەیڤییە و کە هەموو ساڵێک دەکەوێتە نێوان ٢١ی جانیوەری تا ٢٠ی فێبریوەری.  ناوی مانگەکانی ساڵی چینی بریتییە لە ناوی بورجەکان کە ژمارەیان دوازدە بورجە.  هەر ساڵێک بە ناوی ئەو بورجەوە ناودێر دەکرێت کە دەکەوێتە دەسپێکەوە و ماناو لێکدانەوەی تایبەت بە خۆی هەیە.  ساڵی ٢٠١٦ ساڵی مەیموونە.  هەر چەند ساڵێک جارێک ساڵی چینی دەبێتە سێزدە مانگ.  ئەوانیش وەک چۆن موسوڵمانان لە سەروبەندی رەمەزان و قورباندا مقۆمقۆیان لێ پەیدادەبێ سەبارەت بەوەی ئەمرۆ رەمەزانە یا سبەی، ئەوانیش تەنیا کەسانی پسپۆر و شارەزا دەتوانن ساڵی تازەیان بۆ دەسنیشان بکەن.  جێگای ئاماژە پێدانە کە ساڵی تازەی چینی لە راستیدا لای چینییەکان وەک “جەژنی بەهار” دەناسرێت نەک وەک ساڵی تازە، بەڵام ئەوروپاییەکان هەر بەم ناوە ناسیویانە.  جگە لە جەژنی بەهار جەژنێکی دیکەیان هەیە کە زۆر گرنگە ئەویش بریتییە لە “جەژنی مانگ” ئەم جەژنە دەکەوێتە سەرەتاکانی مانگی سێپتەمبەر.  لەم رۆژەدا خزم و هاوڕێیان سەردانی یەکتری دەکەن و خانەوادەکان لە دەوری یەکتری کۆدەبنەوە و نانێکی تایبەتی دروست دەکەن کە لای خۆرئاواییەکان بە “کێکی مانگ” ناسراوە.  لە راستیدا کێک نییە بەڵکوو جۆرە کولێرەیەکی ئەستوورە کە نێوەکەی پڕ دەکرێت لە گۆشت و خۆراکی جۆراوجۆر.  ئەم کێکەیش لە هەر ناوچەیەک بە جۆرێک دروستدەکرێت و تام و چێژێکی جیاوازی پێدەدرێت.  

یەکێک لە لایەنە هەرە خراپەکانی زۆریی هەشیمەت و دانیشتووانی چین ئەمەیە کە ئەم وڵاتە لە راستیدا بووە بە بەهەشتی دەوڵەمەند و خواپێداوەکان و دۆزەخی هەژارەکان.  دەوڵەمەندەکان لە باشترین و زۆرترین و خۆشترین نیعمەتەکانی ئەوێ بەهرەمەندن.  لەوێ بۆ دەوڵەمەندەکان نەک تەنیا هەر ژیان خۆشە بەڵکوو مردنیشیان هەر خۆش و ئاسوودەیە.  لە شارێکی وەک بەیجینگ یا شانگهای کەسێکی ئاسایی کە دەمرێت دوای مەراسیمی کفن و دفن ئینجا دەبێ پارەیەک بدات تا جەنازەکە بۆ بنەماڵەکەی دەسووتێنن چونکە خاکی گۆڕ ئەوەندە گرانە بە کەسێکی ئاسایی ناکڕدرێت؛ بەڵام دەوڵەمەندەکان جەنازەی مردووەکانیان ناسووتێنن و بێ کێشە و گرفت لە گۆڕستانی تایبەتیدا دەیاننێژن.  چینییەکان لە دوای مردنی ئازیزانیان و لە مەراسیمی ماڵاوایی لە مردووەکانیان دا ئەوەندەی بۆیان دەکرێ پارەی کۆپیکراو لەسەر کاغەز لە بازاڕ دەکڕن و لە مەراسیمەکەدا دەیسووتێنن.  ئەوان لەسەر ئەو باوەڕەن کە بە سووتاندنی ئەو پارە کاغەزانە مردووەکە کاتێک کە زیندوو دەبێتە لە گوناهـ پاکدەبێتەوە و گیانی ئاسوودە دەبێت.  میرات و کەلەپوور لای چینییەکان لە نێوان منداڵەکاندا دابەشدەکرێت.  کوڕەکان هەرکام بەشی و تەواو وەردەگرن و کجیکانیش نیوەبەش.  ئەوان پێیانوایە کچ کە مێردی کرد یدی پەیوەندیی بە ماڵی باوانییەوە نامێنێت؛ تەنانەت لە چاخەکانی پێشوودا ئەو بنەماڵانەی کە زۆر هەژار بوون کاتێک کە کچیان بە شوودەدا، کچەکە هەر کاتێک گەڕابایەتەوە ماڵی باوکی رێگای پێنەدەدرا لەوێ خواردن بخوات.  گرفتێکی دیکەی زۆریی دانیشتووان بریتییە لە کەمبوونی دەرفەتی کار.  کاتێک کۆمپانیایەک رێکڵام بۆ تەنیا یەک دەرفەتی کار دەکات لانیکەم دە هەزار کەس داواکاری بۆ ئەو دەرفەتە پێشکەش دەکات.

لەلایەکی دیکەوە یەکێک لە نیعمەتەکانی زۆریی دانیشتوانیش ئەمەیە ئەگەر فرۆشیارێک یا دوکاندارێک لە شارێکی وەک هەولێر رۆژانە دەرامەتی سەد دۆڵار بێت، بێگومان لە شارێکی وەک بەیجینگ هەر ئەو کەسە دەتوانێت رۆژانە هەزار دۆڵار دەرامەتی هەبێت چونکە داواکاری لەسەر کەلوپەل و کەرەستەکان بەستراوەتەوە بە زۆری و کەمیی دانیشتوانەوە.  لەم بارەیەوە باس لەوە دەکرێت کە چەند ساڵێک لەمەوبەر کەسێک لە چین دەستیکردووە بە پاککردن و چاککردنی سمی ئاژەڵ کە لە دوای سەربڕین فڕێدەدرا.  ئەم پیاوە دەستیکردووە بە کۆکردنەوەیان و دروستکردنی چێشت لێیان. هەرچەندە ئەو نرخەی بۆ فرۆشتنی چێشتەکەی دیارییکردبوو زۆر کەم بوو بەڵام لەبەرئەوەی کڕیاری زۆر بوو دوای ماوەیەکی کەم کابرا تەنیا بە فرۆشتنی ئەم چێشتە بووە بە میلیۆنەر. 

چینییەکان سەرەڕای ئەو شارستانییەتە کۆن و دێرینەیان و سەرەڕای ئەم پێشکەوتنە خێرایەی ئەمڕۆیان هێشتا وەک کۆمەڵگەیەکی تا راددەیەک نەریتی ماونەتەوە و زۆر پابەندن بە سیستمی هایرارشیی خانەوادەوە.  ژنهێنان و مێردکردن هێشتا نەبووەتە بابەتێکی کەسینی؛ و دایک و باوکی کوڕە و کچە تێیدا خاوەن دەسەڵاتن.  ئەوان پێیانوایە ژنهێنان و مێردکردن تەنیا بریتی نییە لە پەیوەندیی نێوان کچێک و کوڕێک بەڵکوو پەیوەندیی نێوان دوو خانەوادەیە؛ هەربۆیە دایک و باب بە مافی خۆیانی دەزانن بڕیار لەسەر چارەنووسی منداڵەکانیان بدەن.  خەرجییەکانی زەماوەند لەسەر شانی زاوایە. هەروەها زاوا بەگوێرەی توانای خۆی خانوو، کەرەستەکانی نێوماڵ یا ترومبێل بۆ بووک دەکرێت.  لە رووی خۆراکەوە دەکرێ بڵێین کە چینییەکان زۆر جۆری خۆراک دەخۆن.  خۆراکە دەریاییەکان زۆر باون.  گۆشتی زۆربەی جۆرەکانی ئاژەڵ و باڵندە و پەلەوەر و خشۆک و تەنانەت جڕ و جانەوەریش دەخۆن.  زۆربەی جۆرەکانی کارگ لە چین ناسراون و چ بۆ خۆراک و چ بۆ دەرمان بەکاریان دەهێنن.  زۆر خۆراکی سەیر و سەمەرەیان هەیە کە نیشانەی زیرەکی ئەوانی پێوە دیارە. بۆ نموونە دروستکردن "دەوفوو" کە  لە باقلەی "سۆیا" دروستدەکرێت.  سەرەتا باقلەکە دەگۆڕن بۆ شیر و پاشان شیرەکە هەوێن دەکەن و ماددەیەکی سپیی لێدروست دەبێت لە شێوەدا رێک وەک پەنیری کوردییە؛ ئینجا ئەوە بە سوورکردنەوە یان بە کوڵاوی دەخۆن..  کاتێک سەری ئاژەڵ دەبڕن خوێنەکەی دەکەنە دەفرێکەوە و خوێی تێدەکەن و دایدەنێن تا دەمەیێت، دوای ئەوە قاش قاش دەیبڕن و دەیکەنە نێو شۆرباو یان لە رۆندا سووری دەکەنەوە.

چینییەکان زۆربەی جۆرەکانی بەهارات و ئاڵەت و سیوەت دەخۆن جگە لە زەردەچێوە؛ هەروەها فرەیەک لە سەوزی و رووەکە خۆراکییەکان دەخۆن. زۆر جۆر سەوزی لای ئەوان هەیە کە دەگمەنە و لە وڵاتانی دی پەیدا نابێت.  تا زیاتر بەرەو باشووری چین شۆڕ ببیتەوە خۆراکەکانیان تیژ و توونترە. جینسینگ یەکێکە لەو رووەکە خۆراکی و دەرمانییانەی کە نرخەکەی سەرسوڕمێنە.  دیارە جینسینگی دەسچێن زۆرە بەڵام هی خۆڕسک زۆر دەگمەنە و تەنیا میلیۆنەرەکان دەتوانن بیخۆن.  خواردنەوەی ئاڵکۆڵ نەریتێکی باوی چینییەکانە.  ئەوان ماری زیندوو بۆ ماوەی ساڵێک یان زیاتر لە ئاڵکۆڵدا هەڵدەگرن و پاشان ئاڵکۆڵەکە دەخۆنەوە.  لە چین قومار قەدەغەیە، بەڵام چینییەکان لە کۆنەوە زۆر ئۆگری قومار بوون بۆیە لە هەموو جۆرە یاری و سەرگەرمییەک بۆ مەبەستی قومار کەڵکوەردەگرن.  بۆ نموونە لە شەڕی کەڵەبابەوە بگرە تا بەشەڕدانی سیسرکە هەمووی گرەوی لەسەر دەکرێت و بۆ بەدەستهێنانی دراو بەکاردەهێنرێت.  زۆر جار نرخی سیسرکەیەک کە لە شەڕدا بردوویەتەوە و نەدۆڕاوە بەرز دەبێتەوە تا سێ هەزار دۆڵار.  

چین شوێنزای سەرەکیی رووەکی چایە.  زۆر جۆر چای جیاواز لەوێ هەیە، چای رەش، سوور، سەوز و چای کارگ و گوڵ و رووەکی دەرمانی.  زۆربەی چای چین لە ناوچەکانی باشوور بەرهەمدەهێنرێت چونکە هەواکەی گەرم و شێدارە. لە هەمووان باوتر چای سەوزە.  هەروەها زۆر جۆری جیاوازی برنج لە چین دەچێنرێت.  زۆربەیان برنجی گردەی دەنک کورت و نێونجین.  برنجی دەنک درێژ لە چین باوی نییە.  هەروەها جۆرێک برنج لە ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵات دەچێنرێت زۆر جیاوازە لە ئەوانی تر.  ئەمیان لە گۆلاودا ناچێنرێت و هەروەک هەموو رووەکێکی تر لە خاکدا دەچێنرێت و ناوە ناوە ئاو دەدرێت. کشتیارەکانی برنج لەگەڵ چاندنی برنج گەرای ماسی و قرژاڵ لە گۆلاوەکاندا بڵاودەکەنەوە، و ئەو گەرایانە تا گەورە دەبن خۆراکی خۆیان لەو کرم و زیندەوەرانەی نێو گۆلەکان دابیندەکەن و تا کاتی پێگەیشتنی برنجەکە دەگات، ئەوانیش گەورە دەبن و پێدەگەن، بەمجۆرە کشتیارەکان لە یەک کاتدا دوو بەرهەمی جیاواز و بەنرخ دەدەنە بازاڕ.


   کۆنفوسیوس بیرمەند و فەیلەسووف و سیاسەتزانی دێرینی چینی کە خاوەنی هەر پێنج پەرتووکە کلاسیکەکەی چینە بۆ ماوەی هەزاران ساڵ لە ژێر رۆشنایی بیر و بۆچوونەکانی ئەودا وڵات و مەردمی چین بەڕێوەچووە.  ئەو لە نووسینەکانیدا ئەرک و مافەکانی هاووڵاتیان و دەوڵەت و کاربەدەستان و زانایانی روون کردووتەوە و شێوازی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی شرۆڤە کردووە.  تا هەنووکەش ئەم پەرتووکە کلاسیکانە دەخوێندرێن و کەسێک کە بیەوێت ببێتە “کوێخا” دەبێ لە ئەزموونی ئەم کلاسیکانە دەرباز بێت.  کۆنفوسیوس خۆی ناوی  “کونگزێ”یە(ز ی قەڵەو) بەڵام ئەوروپاییەکان بە کۆنفوسیوس ناسیویانە و ناساندوویانە.  ئەو سەبارەت بە ژن بۆچوونی زۆر سەرەتایی و بەراڵ بووە و پێیوابووە ژن نابێ لە ماڵ بچێتە دەرەوە، نابێ رێگای خوێندنی پێبدرێت، دەبێ فەرمانبەردارێکی بێ ئەملاو ئەولای مێردەکەی بێت و باشترین خزمەتی بکات. لە دوای مردنی شووەکەی دەبێ ژێرفەرمانی کوڕەکەی بێت… لەبەرئەوەی ئەم بۆچوونانەی سەبارەت بە ژن لەگەڵ ستانداردەکانی ئەم چەرخە و بیروباوەڕی کۆمونیزم ناگونجێن، حکومەتی چین ئەم بەشە لە نووسینەکانی لە پەرتووکەکاندا دەرهاویشتووە و رێگای خوێندن و فێرکردنی ئەمانە بە هیچکەسێک نادات.


Comments