پرۆژە گرنگەکە چووە بوارى جێ بەجێ کردنەوە

Post date: Feb 21, 2019 8:3:52 AM

 پرۆژە گرنگە زانستیەکەى سەنتەرى توێژینەوەى ئەنفال و جینۆ سایدى زانکۆى چەرموو، چووە بوارى جێ بەجێ کردنەوە، بەشێوەیەکى کردارى و ئەکادیمى ، بۆ یەکەمین جار لەسەر ئاستى کوردستان بەم شێوەیە. ڕۆژی (٢٠/٢/٢٠١٩) سەنتەرى توێژینەوەى جینۆسایدو ئەنفالى زانکۆى چەرموو، بە ئامادەبوونى بەرێز پرۆفیسۆرى یاریدەدەر (د. بارام ئەحمەد) سەرۆکى زانکۆى چەرموو بەوەکالەت و بەرێز پرۆفیسۆرى یاریدەدەر (د. على وەهاب) راگرى سەنتەرى چەرموو بۆ توێژینەوەو راهێنان بەوە کالەت و بەرێز (م. ئارام على حمە ئەمین) شوێنەوار ناس و شایەتحاڵانى سنورەکەو سەرۆک و فەرمانبەرانى سەنتەرى توێژینەوەى جینۆسایدى زانکۆو بەشێک لە ئەندامانى بۆردى راوێژکارى سەنتەرەکە و کەنالەکانى راگەیاندن، لە سنورى ناحیەیى ( سەنگاو) لە سەربازگەى کۆنى گوندى ( سەرقەڵا) سەنتەرى توێژینەوەى جینۆسایدو ئەنفالى زانکۆى چەرموو ، بەشێوەیەکى زانستى دەستى کرد بە کنەو پشکنین بۆ ئەو کەلو پەل و پاشماوانەى ئەنفالکروانى گوندەکانى سنورى سەنگاو، کەلە ساڵى ( ١٩٨٨) لەلایەن رژێمى بەعسى عێراقیەوە دەستگیر کرابوون پاشان لەوێدا زیندانى کرابوون بۆ ماوەیەک و دواتر رەوانەى زیندانەکانى ناوەراست و باشورى عێراق کران و لە ئەنجامدا زیندە بەچاڵکران لەبەر کورد بوونیان. سەنتەرى توێژینەوەى جینۆسایدى زانکۆى چەرموو بۆ هەریەک لەو کەلو پەل و پاشماوانە ، کۆدێکى داناوە، بۆ کارئاسانى بۆ توێژینەوەو پاراستنیان و هێشتنەوەیان وەک بەڵگەیەکى گرنگ و زیندوى تاوانى ئەنفال بەرامبەر بە گەلى کورد، لەلایەن رژێمى بەعسى عێراقیەوە. لەکۆتایى کنەو پشکنینەکەدا تەواوى کەلو پەل و شت ومە کەکانى بەجێماوى ئەنفالکراوانى سنورەکە و زانیاریەکان بەشێوەیەکى زانستى کۆکرانەوەو هێنرانەوە بۆ مۆزەخانەى بەڵگەکانى تاوانى ئەنفال و جینۆسایدى سەر بەسەنتەرى توێژینەوەى جینۆسایدى زانکۆى چەرموو. شایەنى باسە زیاتر لە (١٧٠٠) هەزارو حەوسەد هاولاتى خەڵکى گوندەکانى سنورى ناحیەیى ( سەنگاو) ى سەربەقەزاى ( چەمچەماڵ) لە سالى (١٩٨٨) لە پرۆسەى ئەنفالى (٣) سێ لەلایەن رژێمى بەعسى عیراقیەوە ئەنفالکران.