وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی سەردانی زانکۆی چەرمووی کرد

Post date: Sep 09, 2019 6:7:46 PM

ئەمڕۆ دووشەممە بەرواری (9/9/2019) بەڕێز (د. ئارام محمد قادر) وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بە یاوەری وەفدێک زانکۆی چەرمووی بەسەر کردەوەو سەرەتا لە لایەن ئەنجومەنی زانکۆی چەرموو لە سەرۆکایەتی زانکۆ پێشوازی لێکرا. دواتر بەڕێزوەزیرو وەفدی یاوەری بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی زانکۆمانی کرد و پاشان بەڕێز (پ.د.صلاح رضا سعید) لە ووتەیەکدا بە ناوی ئەنجومەنی زانکۆو مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکارانەوە بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و ئاماژەی بە جێبەجێ کردنی پرۆسەی بۆڵۆنیا کرد لە زانکۆی چەرموو وەکو یەکەم ئەزموونی زانکۆیی لە هەرێمی کوردستان، وە سوپاسی وەزارەتی خوێندنی باڵای کرد بۆ پاڵپشتییە بەردەوامەکانی بۆ زانکۆی چەرموو لە پایتەختی شەهیدان و ئەنفالکراوان.

دواتر بەڕێز (د. ئارام محمد قادر) لە ووتەیەکدا دەستخۆشی لە ستافە ماندوونەناسەکەی زانکۆی چەرمووی کرد کە لە ماوەیەکی کەمی تەمەنیدا چەندین هەوڵی گرنگ و گەورەی ناوە بۆ پێشخستنی زانکۆکە و جێبەجێکردنی بۆڵۆنیا پرۆسێس لە کۆلێژو بەشەکانیدا، کە توانیویەتی بناغەیەکی باش و تۆکمە بۆ خۆی دابڕێژێت. وە بەڵێنی هەموو هاوکاری و پشتیوانییەکی دا بە زانکۆی چەرموو وە بەڵێنیشیدا هەرچی پێبکرێت درێغی نەکات بۆ پارستنی مافە ئەکادیمی و زانستییەکانی خەڵکی چەمچەماڵ.

دواتر لەسەردانێکی مەیدانیدا چاویان کەوت بەو پرۆژانەی کە لە ئێستادا لە بواری جێبەجێ کردندان لە کەمپی بناری بانی مەقان و بەڵێنی هەموو پشتیوانییەکی بۆ گەشەپێدانی زیاتری ئەم زانکۆ نوێیە دەربڕی.