وەزارەتی خوێندنی باڵا یەکەمین گرانتی نیشتیمانی بۆ پشتیوانی توێژینەوەی زانستی ڕادەگەیەنێت
Post date: Feb 12, 2018 7:40:52 AM
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی مامۆستایان و توێژەرانی کوردستان ئاگادار دەکات، کە لەئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى (٧/٢/٢٠١٨)ەوە دەرگای پێشکەشکردنی پرۆپۆزەڵی توێژینەوەی زانستی بۆ مەبەستی بەستهێنانی گرانتی ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستی دەکاتەوە.
لەو چوارچێوەیەدا توێژەرانی کوردستان دەتوانن لەم بوارانەی لای خوارەوە پرۆپۆزەڵەکانیان ئاڕاستەی وەزارەت بکەن، بوارەکانیش بریتین لە:
1. بوارە فرە دیسپلینەکانی زانستە سروشتی و تەتبیقییەکان.
2. بوارەی زانستی پزیشکیی.
3. بواری وزە و سامانە سروشتییەکان و ژینگە.
4. بواری تەکنۆلۆجیای زانیاری و گەیاندن.
5. بواری گەشەپێدانی ئابوری.
6. بواری جێندەر.
7. بواری یاسا و ڕامیاری.
8. بواری زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان.
گرانتی ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستی دەبەخشرێتە ئەو توێژینەوانەی کە لە ئەولەویەتی بەرژەوەندیی نیشتیمانیی هەرێمی کوردستانن و، چارەسەری گرفتە هەنوکەییەکانی هەرێمەکەمان دەکەن، لەسەر بنەمای کواڵیتی و کاریگەریی توێژینەوەکان و ڕەخساندنی هەلی یەکسان و شەفافیەت و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، بۆ ئەم مەبەستەش پەیڕەوی سیستمی پێداچوونەوەی هاوەڵانە (Peer Review) دەکرێت.
تێبینى:
· دوا مۆڵەت بۆ پێشکەشکردنی پرۆپۆزەڵەکان ڕۆژی دوو شەممەی ڕێکەوتی (١٢/٣/٢٠١٨) یە.
· توێژەران دەتوانن پرۆپۆزەڵەکانتان بۆ ئەم ئیمەیلە (Schoralships@mhe-krg.org) ڕەوانە بکەن.
ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان کۆمیتەیەکی زانستیی ستراتیجی نیشتیمانییە کار دەکات بۆ هاندان و گەشەپێدان و کاراکردنی چالاکی توێژینەوەی زانستی لە بواری پسپۆڕی جیاجیادا لەبەر ڕۆشنایی پێداویستییە زانستی و تەکنۆلۆجی و ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها هەوڵ دەدات بۆ بەکارهێنانی بەرهەمەکانی توێژینەوەی زانستی بۆ مەبەستی گەشەپێدانی هەمەلایەنەی هەرێمی کوردستان، وەک گرانتى یەکەم گرانتى نیشتیمانى بڕی (٢٥٠ ملیۆن دینار) بۆ ئەنجومەنەکە تەرخان کراوە.