وەزارەتی خوێندنی باڵا لە هۆکار و زیانەکانی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی زانکۆی چەرموو دەکۆڵێتەوە

Post date: Oct 04, 2017 7:13:50 PM

    دواى ئەوەى ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتى (١/١٠/٢٠١٧) ئاگرێک لە کۆلێژى پەروەردە و زانستە سروشتییەکانی زانکۆمان کەوتەوە، کە بەهۆیەوە زیانێکى ماددى زۆر بەر باڵەخانە و کەلوپەلی کۆلێژەکە کەوت.

    لەسەر ڕاسپاردەى بەرێز (د.یوسف گۆران) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە زەرەرو زیانەکان و هۆکاری ڕوودانی ئەو کارەساتە،  ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتى (٢/١٠/٢٠١٧) وەفدێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کە پێکهاتبوو لەبەڕێزان (د.خەتاب شێخانى) بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى، (د.داود ئەتروشى) بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى ئەندازە و پڕۆژەکان، (د.نورى هەرزانى) بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى دڵنیایى جۆرى و متمانەبەخشین و هێمن شوانى بەڕێوەبەرى ڕاگەیاندنی وەزارەت سەردانى زانکۆى چەرموویان کرد.

    وەفدەکە بەگەرمى لەلایەن د.سەڵاح ڕەزا سەرۆکى زانکۆى چەرموو و ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆ پێشوازییان لێکرا، دواتر سەردانى باڵەخانەى کۆلێژى پەروەردە و زانستە سروشتییەکان کرد و لە نزیکەوە چاویان بە زەرەو زیانەکانى کارەساتەکە کەوت. هەروەها (د. سەڵاح) تیشکی خستە سەر کاتی ئاگرکەوتنەوەکەو چۆنیەتی هەماهەنگی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و مامۆستایان و فەرمانبەران و هاوڵاتیانی چەمچەماڵ لە پاراستنی کەلوپەل و کۆنتڕۆڵ کردنەوەی ئاگرەکە. 

    دواتر د.خەتاب شێخانى بەناوى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، سوپاسى تیمەکانى ئاگر کوژێنەوە و فریاکەوتن و دانیشتوانى چەمچەماڵ کرد لە پای هەماهەنگیان لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە و پاراستنی کەلوپەلەکان، وتیشى خۆشحاڵین کە ئەو کارەساتە هیچ زیانێکى گیانى بەدواوە نەبووە، ئەگەر چى زیانە ماددییەکان زۆرن، بەڵام وەزارەت هەماهەنگ و پشتیوانى زانکۆ دەبێ بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان.

    پاشان سەردانی باڵەخانەی تەواونەکراوی کۆلێژەکانی زانکۆی چەرموویان کرد کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارکردن تێیدا وەستاوە، هەر لەوێدا وەفدەکە بەڵێنیاندا کە ڕاسپاردەی خۆیان پێشکەش بە وەزارەت بکەن بە مەبەستی دوبارە دەستپێکردنەوەی کارکردن لەو باڵەخانەیەدا. بە جۆرێک کە بە تەواوبوونی ئەو باڵەخانەیە گرفتی کەمی هۆڵی خوێندن و تاقیگە لە زانکۆی چەرموو تا ڕاددەیەکی زۆر نامێنێت.

    هەرلە چوارچێوەی سەردانەکەدا، لە سەرۆکایەتى زانکۆى چەرموو کۆبونەوەیەک لە نێوان وەفدى وەزارەت و ئەنجومەنى زانکۆى چەرموو بەڕێوەچوو، لە کۆبونەوەکەدا (د.سەڵاح ڕەزا) سەرۆکى زانکۆ کورتەیەکى لەسەر چۆنیەتى ئاگرکەوتنەوەکە و تەشەنەکردنى باسکرد، پاشان بەوردى باسى  لە زەرەر و زیانەکان کرد ووتى: ڕووبەڕى ئەو باڵەخانەیەى کە سوتاوە  (١٦٠٠م٢) یە، کە بەهۆى ئەو ئاگرکەوتنەوەیە (١٠) تاقیگەى زانستى خوێندن سوتاوە، کە بریتین لە تاقیگەکانى (فیزیا، مایکرۆبایلۆجى، کیمیاى شیکارى، کۆمپیوتەر، کۆمپیوتەر لۆجیک، فیسیۆلۆجى، ئۆرگانیک کیمیسترى، جیۆلۆجى، ئیکۆلۆجى) لەگەڵ سووتانی سەرجەم کۆگاى تاقیگەکان، ئەوەشى ڕونکردەوە کە هۆڵى ڤیدیۆ کۆنفرانس بەتەواوى کەلوپەلەکانى ناوى سوتاوە، لەگەڵ ژوورى مامۆستایان و، سەرۆکایەتى بەشى زانستەکان و بڕیاردەرەکەى، هەروەها تەواوى باڵەخانەى سێنتەرى توێژینەوەى زانستى تێکچووە و زیانێکى زۆر بەرکەلوپەکانى کەوتووە.

    لە کۆبونەوەکەدا، چەندین ڕاوبۆچوون باسکران بەمەبەستی دیاریکردنی ڕێگە چارەیەکی بەپەلە تا پڕۆسەى خوێندن لەو بەشانە ڕانەوەستێ، داواشیان کرد سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران و وەزارەتى دارایى هەماهەنگ بن تا بتوانن لە زوترین کاتدا ڕێگەچارەى پێویست بگیرێتەبەر، بۆ ئەو مەبەستەش کۆبونەوەکە چەند ڕاسپاردە و پێشنیارێکى گەڵاڵە کرد تا لە زوترین کاتدا کاریان لەسەر بکرێ.

    لە کۆتایدا، وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پاڵپشتى تەواوى خۆیان بۆ جێبەجێکردنى هەنگاوەکان دوپاتکردەوە، هەروەک جەختیان لەسەر ئەوەش کردەوە کە لە زوترین کاتدا هەنگاوى جدى دەنێن بۆ جێبەجێکردنى پێشنیاز و ڕاسپاردەکان. لەبەرامبەردا بەرێز (د. سەڵاح) بە ناوی زانکۆی چەرمووەوە سوپاسی وەفدی وەزارەتیان کرد لە پای بە دەنگەوە هاتنیان و هەماهەنگی بەپەلەی وەزارەتی خوێندنی باڵا.