هۆڵی کۆنفرانسی سەرۆکایەتی زانکۆی چەرموو بە ناوی پرۆفیسۆری کۆچکردوو بەڕێز (د. حمید مجید أحمد)ەوە کرا

Post date: Oct 27, 2019 9:56:8 AM

ئەمڕۆ ڕێکەوتی (٢٧/ ١٠/ ٢٠١٩) وەکو وەفایەک بۆ کارە زانستی و ئەکادیمیەکانی و خزمەتی زانست و دڵسۆزی لەکارو پیشەدا, لە مەراسیمێکی شایستەدا بە ئامادەبوونی خانەوادەو خێزان و بنەماڵەو بەشێک لەمامۆستایانی زانکۆی سلێمانی و خوێندکارانی, هۆڵی کۆنفرانسی سەرۆکایەتی زانکۆی چەرموو بە ناوی پرۆفیسۆری کۆچکردوو بەڕێز (د. حمید مجید أحمد)ەوە کرا. سەرەتای مەراسیمەکە کردنەوەی هۆڵەکە بوو لە لایەن هاوژینی بەڕێز (د. حمید مجید أحمد)ەوە, دوای ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان و روحی پرۆفیسۆری کۆچکردوو.

 بەڕێز پرۆفیسۆر (د. صلاح رضا سعید) سەرۆکی زانکۆی چەرموو وە هاوکات یەکێک لە خوێندکارەکانی پرۆفیسۆری کۆچکردوو بە ناوی زانکۆوە بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کردو تیشکی خستە سەر کەسایەتی و دڵسۆزی و لێبڕاوی ئەم زانا گەورەی کورد, ووتیشی کۆچکردنی خەسارەتێکی گەورەیە بۆ لایەنی ئەکادیمی و زانست کە بەڕێزیان خاوەنی (48)ساڵی تەواون لە خزمەتی زانکۆیی, دواتر ڤیدیۆیەکی دۆکۆمێنتاری دەربارەی ژیانی پرۆفیسۆری کۆچکردوو نمایشکرا, پاشان بەڕێز (پ.د. صلاح رضا سعید) چەند سڵایدێکی دەربارەی کارو بەرهەم و چالاکیەکانی لە بنیادنانی زانکۆی سلێمانی و بەشی کیمیاو فیزیاو سەرپەرشتی کردنی نامەی ماستەرو دوکتۆراو دانراو پەرتوکەکانی کرد کە پێشکەشی کتێبخانەی زانستی کردووە, لە کۆتاییدا ووتەی بنەماڵەی پرۆفیسۆری کۆچکردوو لە لایەن (د. سۆز حمید) کچی کۆچکردوو خوێندرایەوە. شایانی باسە ئەم چالاکیە لە لایەن بەڕێوەبەرێتی چالاکیە هونەریەکان و ڕاگەیاندنەوە ڕێکخرابوو.