زانکۆی چەرموو مژدەی سەرکەوتنی زیاتر دەدات

Post date: Nov 26, 2018 8:9:59 AM

دوای ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ریزبەندی زانکۆکانی هەرێمی کوردستنای راگەیاند، زانکۆمان پلەیەکی تریش سەرکەوت و نزیک بووەوە لە ئاستی زانکۆ دیارو خاوەن مێژووەکانی کوردستان. بەرواری (25/11/2018) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بەڕێز سەرۆکی زانکۆ پرۆفیسۆر(د. صلاح رضا سعید) ئاماژەی بەوەدا کە زانکۆی چەرموو بەو تەمەن کەمەوە کە هەیەتی ساڵ لە دوای ساڵ پێشکەوتنی زیاتر بە خۆوە دەبینێت و لە ساڵی (2015) زانکۆی چەرموو لە پلەی (15)دا بوو ساڵی (2017) لە پلەی (8) دا بوو بۆئەمساڵ پلەی (7)ی لە ریزبەندیەکەدا هەبوو واتە بوو بە یەکەمی گروپی (C). لە بەشێکی تری ووتەکانیدا سەرۆکی زانکۆ وێڕای پیرۆزبایی و دەسخۆشی لە ستافی مامۆستایان وفەرمانبەران و خوێندکارانی زانکۆی چەرموو دەسخۆشی لە قائیمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ و بەڕێز جێگری سەرۆکی حکومەت کرد بۆ پشتیوانی و هاوکاری بەردەوامیان بۆ زانکۆی چەرموو کە لە پایتەختی شەهیدان و ئەنفالکراوانە لە شارۆچکەی چەمچەماڵ. زانکۆی چەرموو (4) ساڵە دامەزراوە حەوتەمین زانکۆیە لە زانکۆ حکومیەکان.