جینۆساید لە یاسا و بڕیاری نێودەوڵەتاندا (جینۆساید لە باشووری کوردستان)

Post date: Sep 29, 2020 5:16:15 AM

بەشی یەکەم

گۆران سەلام ــ ماستەر لە مێژوو

 سەرەتا ئەم چەمکە لە دوو ووشە پێکدێت Genos واتە: رەگەز کە لەبنەڕەتدا گریکییە و Caeder واتە: لەناوبردن کە لەبنەڕەتدا لاتینییە.

کە پێکەوە بەمانای لەناوبردنی رەگەزیی یان پاکتاوی رەگەزی دێت یان بە واتای پێشێلکردنی تەواوی مافەکانی مرۆڤ دێت، بۆیە لەیاسای نێودەوڵەتاندا قەدەغە کراوە، کە لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە لە دژی تاوانکاری فاشیستەکان بەتەواوی جێگیر بووە.

کۆمەڵەی گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پشت بە بەندی شەشەمی دادگای نۆرنبێرگ دەبەستێ کە(جینۆساید واتە پێشێلی تەواوی مافی کۆمەڵی مرۆڤایەتی هەروەک چۆن فەوتاندنی مرۆڤ نیشانەی رەتکردنەوەی مافی بوونی ژیانە، ئەوەش رەفزکردنەوەی دانپێدانانە بە مافی بوون و سوکایەتی کردنە بە سەرجەمی مرۆڤایەتی و ژیانێکی قەرەبوونەبووەوە درووست دەکات سەرجەم کەلتووری شارستانی کۆمەڵی مرۆڤ دادەماڵێ و دژی یاسای رەوشت و ناوەڕۆک و مەبەستی نەتەوە یەکگرتووەکان رادەوەستێ).

- جۆرەکانی جینۆساید

١- جینۆسایدی فیزیکی: بریتییە لە کوشتن بەهەموو جۆرەکانیەوە.

٢- جینۆسایدی بایۆلۆژی: بریتییە لە رێگری لە زیادبوون و دابەشکردنی کۆمەڵ و خێزان لەیەکتری.

٣- جینۆسایدی کەلتوری: بریتییە لە قەدەغەکردنی زمان و رۆشنبیری و مێژوو و شێواندنی شارستانیەت.

٤- جینۆسایدی ئابووری: بریتییە لە وێرانی و تاڵانکردن.

بەگوێرەی بەڵگەنامەکان دەبێت تاوانبارانی تاوانی نێونەتەوەیی بدرێنە دادگای نێونەتەوەیی وەک:

١- پەیماننامەی سزادانی تاوانکاری تاوانی جەنگ کە لە ١٣ / ١ / ١٩٤٢ دەرچووە.

٢- پەیماننامەی بەرپرسیارکردنی نازییەکان بەهۆی تاوانەکانیانەوە کە لە ٣٠ / ١٠ / ١٩٤٣دەرچووە.

٣- دەستوری دادگای جەنگ کە لە ٨ /٨ /١٩٤٥ دەرچووە.

٤- بڕیاری کۆمەڵی گشتی UN کە لە ١٣ / ١ / ١٩٤٦ و ٣١ / ١٠ / ١٩٤٧ دەرچووە.

٥- پەیماننامەی جنێف دەربارەی داکۆکیکردن لە قوربانیانی جەنگ کە لە ١٢ / ٨ / ١٩٤٩ دەرچووە.

٦- پەیماننامەی ١٩٤٨دەربارەی قەدەغەکردنی جینۆساید و سزا خستنە سەر تاوانکاری.

جۆری تاوانەکانی جینۆساید لەبەندی دووەمی پەیماننامەی ١٩٤٨ ی نەتەوە یەکگرتووەکان هاتووە و دەڵێت:

١- کوشتنی ئەندامانی کۆمەڵ.

٢- زیان گەیاندن بە لەش و شێواندنی بیری ئەندامانی ئەو کۆمەڵەیە.

٣- بە ئەنقەست دانانی ئەو کۆمەڵەیە لەژێر بارودۆخێکی سەختدا کە ببێتە هۆی فەوتاندنی.

٤- تەگەرە خستنە سەر منداڵبوون لە نێو ئەو کۆمەڵەیەدا.

٥- بەزۆر راگواستنی منداڵ لەو کۆمەڵەیەوە بۆ کۆمەڵەیەکی تر.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٩ / ١٢ /١٩٤٨ سزای خستە سەر تاوانکارانی جینۆساید.

لە ٢٨/ ٥ / ١٩٥١ دا دادگای دادی نێودەوڵەتی وەک سزا ئەمەی پەسەندکرد دژی جینۆساید.

لیژنەی یاسای نێودەڵەتان لە بەندی (١٩)ی پڕۆژەکەیدا هەڵوێستی جیهانی دژی جینۆساید راگەیاند.

لە بەندی سێی پەیمانی ١٩٤٨دا هاتووە جگە لە تاوانی راستەوخۆی جینۆساید بەڵکو سزا بۆ هەموو ئەمانەش هەیە:

١- جینۆسایدکار.

٢- پیلاگێڕان بەمەبەستی جینۆساید

٣- هاندانی راستەوخۆ و ئاشکرا بۆ ئەو مەبەستە.

٤- هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی جینۆساید.

٥- بەشداریکردن لە جینۆساید دا.

لە بەندی (٤)ی پەیمانی ١٩٤٨ دا سزا بۆ کەسانی ئەرکدار دانراوە بەبێ رەچاوکردنی یاسای وڵاتەکەی خۆی.

لە بەندی (٦)دا هاتووە دەکرێ لە دادگایەکی ناوخۆدا تاوانبار دادگایی بکرێ بۆ ئەوەی دادگاکەش سەربەخۆ بێت، دەبێت لەلایەن بەشدارانی پەیمانەکەوە هاوکاری ئەو دادگایە بکرێت.

یاسای تازەی نێودەوڵەتان لە ١٩٧٧دا قەدەغەی لەناوبردنی ژیان و ژینگە و گیاندارانی راگەیاندووە.

لە ٢٧ بۆ ٢٩ی تەموزی ١٩٨٤دا کۆنفرانسی جیهانی کۆمەڵەی نێونەتەوەیی بۆ بەرگریکردن لە زمان و شارستانی ئەو میلـلەتانەی کە بەر هەڕەشەی لەناوچوون دەکەون لە ئیتاڵیا بەسترا بۆ داکۆکی لە گەلی کورد.