بەڕێوەچوونی ئاهەنگی خولی سێیەمی دەرچووان لە زانکۆی چەرموو

Post date: Sep 17, 2020 5:58:21 PM

ئێوارەی ئەمڕۆ رێکەوتی (١٧/ ٩/ ٢٠٢٠) لە گۆڕەپانی کەمپی بناری مەقان ئاهەنگی خولی سێیەمی دەرچووانی زانکۆی چەرموو بەڕێوەچوو. 

ئاهەنگەکە بە ئامادەبوونی هەریەک لە بەڕێزان نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە و قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ و نوێنەری دام و دەزگا حکومیەکانی سنورەکە و لایەنە سیاسیەکان و خانەوەدای خوێندکاران بەڕێوەچوو.

سەرەتای ئاهەنگەکە بە وتەی بەڕێز (پ.ی.د. هونەر ئەمین حەسەن) سەرۆکی لیژنەی باڵای ئاهەنگی خولی سێەمی دەرچووان دەستی پێکرد, دواتر بەڕێز (پ.د. صلاح رضا سعید) سەرۆکی زانکۆ وتەی زانکۆی پێشکەش کرد و تیایدا پیرۆزبایی خۆیی ئاڕاستەی خوێندکاران و کەس و کاری خوێندکاران کرد دەستخۆشی و سوپاسی لە مامۆستایان و فەرمانبەران کرد, هەر لە وتەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە بەشی کوردی دانەخراوەو مژدەی کردنەوەی (سەنتەری کوردناسی- پ.د. عیزەدین مستەفا رەسوڵ) بە ئامادەبووان راگەیاند, دواتر بەڕێز (د. ئامانج عبدالله سعید) بە نوێنەرایەتی وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە وتەیەکدا پیرۆزبایی لە خوێندکاران و دەستخۆشی زۆری لە زانکۆی چەرموو کرد کە بۆڵۆنیا پرۆسێس بە باشترین شێوە جێبەجێ دەکات و, هەروەها  وتی زانکۆی چەرموو جێگەی ئومێدی گەورەی وەزارەتی خوێندنی باڵایە لە پایتەختی شەهیدان و ئەنفالکراوان .  هەروەها  خوێندکار (ڕێکار رەحیم) وتەی نوێنەرایەتی  کۆمەڵەی خوێندکارانی پێشکەشکرد, پاشان لە کۆتاییدا مەراسیمی سوێندخواردن و داواکردنی بڕوانامە ئەنجامدراو, بە خۆشی شادی و وێنەگرتنی یادگاری خوێندکاران کۆتایی هات بە مەراسیمەکە.

زانکۆی چەرموو لە ساڵی (٢٠١٤) دامەزراوە, تا ئێستا سێ خولی دەرچووانی ئەنجامداوە و بۆ ئەمساڵیش (٦٥٠) خوێندکاردەرچوون لە سێ کۆلێژ کە دابەش بوون بەسەر (١٢) بەشدا .