بەڕێوەبەری سەنتەری زمانی زانکۆی چەرموو بەشداری خولێکی ئەکادیمی نێودەوڵەتی دەکات لە وڵاتی بەریتانیا

Post date: Feb 05, 2020 4:48:40 PM

 لەسەر بانگێشتی فەرمی کۆلێجی (Waltham International College in London, UK ) و بەسەر پەرشتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەڕێز

(م. شۆخان محمد فتاح ) بەڕێوەبەری سەنتەری زمانی لە زانکۆی چەرموو بە یاوەری بەڕێوەبەرەکانی سەنتەری زمانی زانکۆ حکومیەکانی ھەرێمی کوردستان بەشداری خولێکی یەک ھەفتەیی دەکات کە لە بەرواری (١-٢-٢٠٢٠) دەستی پێکردووە تاوەکو بەرواری (٨-٢-٢٠٢٠) بەردەوام دەبێت. 

بەڕێوەبەری سەنتەری زمانی زانکۆی چەرموو بە سایتی زانکۆی چەرمووی ڕاگەیاند: ئامانج لە بەشداری کردنمان لەم خولەدا پەرەپێدان و بەھێزکردنی پڕۆگرامی وانە وتنەوە و ڕاھێنان و بەرزکردنەوەی توانای سەنتەری زمانی زانکۆ حکومییەکانە . بەشداری کردنمان لەم جۆرە خولانە بە مەبەستی پەیڕەوکردنی نوێترین تەکنیکی سەردەمە لە سەنتەری زمانی زانکۆ حکومییەکان بۆ ئەوەی خوێندکاران و فێرخوازانی زمان بە تازەترین شێوازی تەکنیکی سەردەم وانەیان پێ بوترێتەوە و زۆرترین سود وەربگرن.

ھەروەھا وتیشی: ئەم خولە لە کاتێکدایە خواستێکی زۆر لەسەر فێربوونی زمان لە ڕێگەی سەنتەری زمانی زانکۆ حکومیەکانەوە ھەیە لە لایەن ئەو فێرخوازانەی کە دەیانەوێت دووبارە درێژە بە خوێندن بدەنەوە یاخود نازناوی زانستی بەرزبکەنەوە.