بە ئامانجی چارەسەری قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان، لەژێر ناونیشانی (چاکسازی کارگێری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە کارگێری و داراییەکان) حەوتەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانکۆی چەرموو بەڕێوەچوو

Post date: Aug 24, 2017 1:14:54 AM

    بەچاودێری بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی (د. یوسف گۆران) و بەسەرپەرشتی بەڕێز (پرۆفیسۆر د. صلاح رضا سعید) سەرۆکی زانکۆی چەرموو و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسانی ئەکادیمی و مامۆستایانی زانکۆ و لایەنە حزبی و حکومیەکان، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی٢٢ ئابی ٢٠١٧، حەوتەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانکۆی چەرموو/ کۆلێژی کارگێری گشتی و بەڕێوەبردنی سامانی سروشتی، لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی زانکۆی چەرموو بەڕێوەچوو. لە دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا هەریەکە لە بەڕێزان سەرۆکی زانکۆ (پرۆفیسۆر د. صلاح رضا )  و سەرۆکی کۆنفرانس (د. هونەر ئەمین) لە ووتەکانیاندا وێڕای بەخێرهاتنی میوانەکان، باسیان لە گرنگی کۆنفرانسەکە کرد و هیوایان خواست کە پێشنیار و دەرئەنجامەکانی کۆنفرانسەکە ببێتە سەرچاوەیەکی زانستی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان.

    دواتر کۆنفرانسەکە بە پانێڵێک دەستی پێکرد، کە لەلایەن بەڕێز (د. هونەر ئەمین) بەڕێوەبرا و بە بەشداری بەڕێزان:

١. دادوەر (ڕزگار محمد ئەمین) ئەندامی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان.

٢. (فەیسەڵ عەلی) سەرۆکی مونتەدای ئابووری کوردستان.

٣. (دارا جلال سعید) بەڕێوەبەری گشتی لە نوسینگەی بەڕێز جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

٤. (د. غالب محمد عەلی) ئەندامی ئەنجومەن و سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و ووزە و سامانە سروشتییەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.

    لە پانێڵەکەدا بەشداربووان بە ووردی باسیان لە سەرچاوەی قەیرانەکان کرد لە هەرێمی کوردستان، چەندین پێشنیارو سەرنجیان خستە ڕوو بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان. دواتر دەرگای گفتووگۆ بەڕووی ئامادەبووان کرایەوە، ئامادەبووانیش چەندین ڕاو پێشنیار و پرسیاریان ئاراستەی بەشداربووان کرد.

لە درێژەی کاری کۆنفرانسەکەدا (٢١) توێژینەوەی ئەکادیمی پێشکەشکرا، لەو توێژینەوانەدا توێژەران تیشکیان خستبوویە سەر ئەو هۆکارە کارگێری و دارایی و ێابووری و سیاسی و یاساییانەی کە بوونەتە هۆکاری دروستبوونی قەیرانەکان. هەروەها چەندین ڕێگەی زانستی خرانە ڕوو بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان و زاڵبوون بەسەر قەیرانەکاندا.

لە کۆتاییدا سەرجەم پێشنیار و دەرەنجامەکانی کۆنفرانسەکە خوێندرایەوە و بڕیاردرا لە چوارجێوەی پرۆژەیەکدا ئاراستەی لایەنە پەیوەندی دارەکان بکرێت.