ئاگر زیانێکی زۆری بە پرۆسەی خوێندن لە زانکۆی چەرموو گەیاند

Post date: Oct 03, 2017 2:24:18 PM

بە داخەو پاش نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی (١/١٠/٢٠١٧) ئاگرێکی گەورە لە تاقیگەکانی کۆلێجی پەروەردە و زانستە سروشتییەکان و سەنتەری توێژینەوەی زانکۆمان کەوتەوە، کە زەرەرو زیانێکی زۆری بە باڵەخانە و کەلوپەلی ناو بیناکە گەیاند،ڕووبەری ئەو باڵەخانەیەی کە سوتاوە (١٦٠٠م٢) و  (١٠) تاقیگەی زانستی تێدابووە کە بریتین بوون لە تاقیگەکانی (فیزیا، مایکرۆبایلۆجى، کیمیاى شیکارى، کۆمپیوتەر، کۆمپیوتەر لۆجیک، فیسیۆلۆجى، ئۆرگانیک کیمیسترى، جیۆلۆجى، ئیکۆلۆجى) کە بەداخەوە سەرجەمیان سوتان، هەروەها بەشێک لە سەنتەری توێژینەوەی زانستی زانکۆ و سەرجەم کۆگای تاقیگەکان و کەلوپەلی یەدەگی کیمیایی و چەندین سمارت بۆرد و داتاشۆی دیجیتاڵی سوتان. هەروەها ژووری سەرۆکایەتی بەشی زانستەکان و مامۆستایان و ژووری ڤیدیۆ کۆنفرانس بە تەواوی کەلوپەلەکانییەوە سوتان.خۆشبەختانە و لە کاتی ئاگرەکەدا بە هەوڵ و کۆششی سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەرانی و مامۆستایان و فەرمانبەران و هاوڵاتیانی خۆشەویستی دەورووبەری کۆلیجەکە ئەوەندەی توانرا چەندین ئامێر و کەلوپەلی گرانبەها و کۆمپوتەر لە سوتان پارێزران، دوای (٢) کاتژمێر، بە هەوڵی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و ئاسایس و پۆلیس  ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا، خۆشبەختانە لەم ڕووداوە نەخوازراوەدا هیچ زیانێکی گیانی بە دواوە نەبوو، بەپێی لێدوانی سەرەتایی، زەرەر و زیانەکان بە زیاتر لە (١.٥) ملیۆن و نیویک دۆلار مەزەندە دەکرێت.