سه‌رۆكی زانكۆی چه‌رموو: خزمه‌تكردنی خوێندكاران ئه‌ركی سه‌رشانمانه‌

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 2023/8/17 دكتۆر هەڵەت ڕەشید سەرۆکی زانکۆی چەرموو بەشەناوخۆییەکانی بە سەرکردەوە کە ماوەی مانگێکە لەلایەن ستافێکی بە تواناوە کار لە نۆژەنکردنەوەی سیستەمی بۆردی کارەبایی بەشەناوخۆییەکان دەکەن، یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ یاوەری سەرۆکی زانکۆیان دەکرد، لە وتەیەکدا سەرۆکی زانکۆ ئاماژەی بەوە کرد کە خزمەتکردنی خوێندکار ئەرکی سەرشانمانە و بەپێی ئەو داهاتەی لەبەردەستماندایه‌ خزمەتیان دەکەین.

هەرێم عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرێتی بەشەناوخۆییەکان ڕایگەیاند بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە کارەکانی بەڕێوەبەرێتی بەشەناوخوییەکان و دابینکردنی کەموکوڕییەکان ئه‌مڕۆ سەرۆکی زانکۆ بەشەناوخۆییەکانی بەسەرکردەوە، وتیشی دەستخۆشی هەبوو بۆ ئەو ستافەی بەڕێوەبەرێتی هونەری کە چاودێری و سەرپەرشتی نۆژەنکردنەوەی سیستەمی کارەبایی بەشەناوخۆییەکانیان كرد.

بەهۆی گۆڕانکاری لە ناوی به‌ش و کۆلێژەکان و دیاربوونی چارەنووسی پیشەکەیان چاوەڕوان دەکرێت بۆ ساڵی نوێی خوێندنی (2023 ـ 2024) ژمارەیەکی زۆر خوێندکاری دەرچووی دوانزدەی ئامادەی ڕوو لە زانکۆی چەرموو بکەن.

فۆتۆ: هیدایەت جەمال