به‌شه‌كانی كۆلێژی زانست له‌ زانكۆی چه‌رموو بۆ ساڵی خوێندنی (2023- 2024)

ناساندنی بەشی زانستى کۆمپیوتەر/ كۆلێژی زانست - زانكۆی چه‌رموو

بەشی زانستى کۆمپیوتەر یەکێکە لە بەشە ناوازەکانی کۆلێژی زانست‌ لە ساڵی(2014 – 2015) دامەزراوە بە مەبەستی ڕه‌خساندنى هه‌لى كار له‌ كه‌رتى گشتى و تايبه‌تدا، ئەم بەشە گرنگی دەدات بە بەكارهێنانی شێوازە تیۆری و پراكتیكییەكان بۆ چارەسەركردن و گواستنەوەی زانیاریەكان لەرێگەی كۆمپیوتەرەوە ، بەشەكه‌ دەرچووانی ئامادەیی لقی زانستی وەردەگرێت هەروەها گرنگیدەدات بە بونیاتنانی زانیاری و ڕۆشنبیریی تایبەتمەند لای خوێندكاران لە بواری كۆمپیوتەردا بەمەبەستی ئامادەكردنیان لە بوارەكانی پڕۆگرامسازی و بەكارهێنانی تۆڕی كۆمپیوتەری و پەرەدان بە سیستەمە جیاوازەكانی كۆمپیوتەر لە دەزگا فەرمییە جۆراوجۆرەكان، هەروەها لە دامەزراوە و كۆمپانیا تایبەتەكان لە دوای دەرچوون لە زانكۆ  بەمەش شیاو دەبێت بۆ چوونە نێو بازاڕی كار بە سەركەوتوویی.

دەرچوانی ئەم بەشە لە کەرتی حکومی بە ناونیشانی (یاریدەدەری پڕۆگرامساز) دادەمەزرێن هه‌روه‌ها لە کەرتی تایبەت دەتوانن لێهاتوویانە کاربکەن لە بوارەکانی پڕۆگرامسازی، گەشەپێدانی ماڵپەڕ، ئاسایشی داتاکان، نێتۆرک، دروستکردنی ئەپی مۆبایل و زۆر بواری تری پەیوەست بە کۆمپوتەرەوە.

خوێندن لە بەشەکە بە زمانی ئینگلیزییە بۆ ماوەی چوار ساڵ، مامۆستاکانی ئەم بەشە کەسانی لێهاتوون و زۆربه‌یان لە دەرەوەی وڵات خوێندنیان تەواوکردووە.

ناساندنی بەشی زانستی تاقیگەی پزیشکی/ كۆلێژی زانست - زانكۆی چه‌رموو

بەشى زانستى تاقیگەى پزیشكى لە ساڵى 2017 دامەزراوه‌، بەشەكە بۆ یەكەم جار توانى پێشوازى لە پۆلێك لە خوێندكارى ئاستبەرز  بكات بۆ ساڵى خوێندنى (2017-2018) لە ئێستادا بەشى زانستى تاقیگەى پزیشكى سەر بە كۆلێژى زانستە له‌ زانكۆی چه‌رموو.

لەم بەشە خوێندكاران لەلایەن گروپێك لە ماموَستایانى شارەزا و بە توانا لە بوارەكانى زانستە بنچینەییەكانى بایۆلۆژى و كیمیا و بوارەكانى تردا وانەیان پێ دەوترێتەوە و لە تاقیگەكاندا ڕاهێنانیان پێدەكرێت.

ئامانجى سەرەكى بەشەكە بریتىیە لە ئامادەكرنى تواناى زانستى و پراكتیكى خوێندكاران بۆ ئەوەى لە داهاتوودا وەك پسپۆرێكى تاقیگەى پزیشكى ڕۆڵ ببینن، هەروەها ئاشناكردنى خوێندكاران  بە خووڕەوشتە پیشەییەكانى بوارى تەندروستى و چۆنیەتى هەڵسوكەوتكردن لەگەڵ تایبەتمەندییەكانى نەخۆشەكان ئامانجێكى ترى بەشەكەیە.

بەشى زانستى تاقیگەى پزیشكى  لە زانكۆى چەرموو دەخوازێت ببێت بە پاڵپشتێكى زانستى بۆ بەهێز كردنى بوارى تەندروستى لە هەرێمى كوردستانه‌ بۆ ئەوەى خزمەتى بوارى زانستى تەندروستى بكەن.

دەرچووانی ئەم بەشە لە کەرتی حکومی بە ناونیشانی (یاریدەدەری تاقیگە) دادەمەزرێن لە نەخۆشخانە و  وەزارەتە جیاوازەکان، هەروەها لە کەرتی تایبەت دەتوانن لێهاتوویانە کار بکەن لە نەخۆشخانەکان و کلینکی پزیشکی و هەموو جۆرە تاقیگەیەکی پزیشکی و زۆر بواری تری پەیوەست بە زانستی تاقیگەی پزیشکییەوە.

خوێندن لە بەشەکە بە زمانی ئینگلیزییە بۆ ماوەی چوار ساڵ و زۆربەی مامۆستاکانی ئەم بەشە کەسانی لێهاتوون و لە وڵاتانی ئەوروپا خوێندنیان تەواوکردووە.

ناساندنی بەشی بەشی کیمیا/ كۆلێژی زانست - زانكۆی چه‌رموو

ئه‌م به‌شه‌ ساڵی خوێندنی (2017-2018) دا‌مه‌زراوه‌ به‌ ناوی به‌شی كیمیای ده‌رمانسازی، دواتر بەشێکی دیكه‌ کراوەتەوە بۆ ساڵانی خوێندنی (2020-2023) به‌ناوی به‌شی كیمیایی كرداری، له‌ ئێستادا بۆ ساڵی خوێندنی (2023-2024) هه‌ردوو به‌شه‌كه‌ كراوه‌ به‌ بەشی کیمیا یەکێکە لە بەش نوێیەکانی کۆلێژی زانست، بەشەکە بە بەرزترین کواڵیتی خوێندن خوێنداکارانی پێدەگەێنێت بە بەکارهێنانی باشترین تەکنیکی خوێندن و تاقیگە و ئامێری پێشکەوتوو بۆ ئەوەی ببنە کەسانی چالاکی کۆمەڵگا لە بواری خۆیاندا بۆ ئەوەی پێشڕەوبن لە توێژینەوە و بازاڕی کاردا.

ئامانجی بەشی کیمیا بریتییە لە پێگەیاندنى پسپۆڕى ئەکادیمی و ڕاهێنراو لە بوارى کیمیای (ئەندامى، نائەندامى، شیکارى، فیزیایى، ژیانی، پیشەسازى، ژینگەیی، شیکردنەوەی خۆراکی، ماددە سروشتییەکان، دەرمانسازى، نەوتی خاو، پۆڵیمەر) و چەندین بابەتى تری پێشکەوتووی وەک نانۆتەکنەلۆژی بە سود وەرگرتن لە سیستەم و ڕێگه‌ پێشکەوتووەکانی گەیاندن و فێرکردنی خوێندکاران، بە شێوەیەک خوێندکار بتوانێت دوای دەرچوون و بەدەستهێنانی بڕوانامە لەم بەشەدا، بتوانێت لە بازاڕی کار و لە بواری توێژینەوە جێگه‌ دەستی دیار.

دەرچووانی ئەم بەشە لە کەرتی حکومی بە ناونیشانی (یاریدەدەری کیمایی) دادەمەزرێن لە نەخۆشخانە و وەزارەتە جیاوەزەکان، هەروەها لە کەرتی تایبەت دەتوانن لێهاتوویانە کاربکەن لە نەخۆشخانەکان، کلینکی پزیشکی، کارگەکانی چیمەنتۆ، دەرمان، خواردەمەنی و زۆر بواری تری پەیوەست بە کیمیاوە.

خوێندن لە بەشەکە بە زمانی ئینگلیزییە بۆ ماوەی چوار ساڵ و زۆربەی مامۆستاکانی ئەم بەشە کەسانی لێهاتوون و لە وڵاتانی ئەوروپا خوێندنیان تەواوکردووە.

ناساندنی بەشی فیزیا/ كۆلێژی زانست - زانكۆی چه‌رموو

ئه‌م به‌شه‌ ساڵی خوێندنی (2017-2018)دامه‌زراوه‌ به‌ناوی به‌شی فیزیای كرداری، پاشان ساڵی خوێندنی (2020-2021) ناوه‌كه‌ی گۆڕاوه‌ بۆ به‌شی فیزیای پزیشكی، بۆ ئه‌م ساڵی خوێندنی (2023-2024) به‌ناوی بەشی فیزیا خوێندكار وه‌رده‌گرێت، به‌شی فیزیا یەکێکە لە بەش نوێیه‌کانی کۆلێژی زانست لە زانکۆی چەرموو، ئەم بەشە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە پێگەیاندنی کادێری سەرکەوتوو لە پسپۆڕی فیزیا، بە هۆی ئەوەی کە خوێندن بە زمانی ئینگلیزیە، دەرچووانی ئەم بەشە توانای بەردەوامبونیان هەیە لە خوێندن لە هەر زانکۆیەکی تر و بەهۆی توانای تێگه‌یشتنیان لە زانستە پسپۆڕییە ووردەکان بەردەوامی بە خوێندن و توێژینەوەی زانستی بدەن.

دەرچووانی ئەم بەشە لە کەرتی حکومی بە ناونیشانی (یاریدەدەری فیزیایی) دادەمەزرێن هەروەها دەرچووانی ئەم بەشە دەتوانن لە هەر یەک لەم پسپۆڕییە تایبەتانەی خوارەوە هەلی کاریان دەستکەوێت لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان:

1- مامۆستای وانەی فیزیا

2- کارکردن لەو کارگانەی کە ئامێری پزیشکی بەرهەم دەهێنن، بەتایبەتی ئەو ئامێرانەی کە بنەمای کارکردنیان پشت بە زانستی فیزیا دەبەستێت.

3- بواری گەیاندن لە هەردوو جۆری تەل و بێ تەل (Wired and wireless communication).

4-  سەنتەری توێژینەوە (Research Center)

5- بەرهەمهێنانی وزە بە تایبەتی وزەی پاک یاخود (Renewable Energy)

6- گەردوونناسی (space and astronomy)

7- کەشناسی و فیزیای زەوی (Geophysics and meteorology)

8- کارکردن لە بوارەکانی کارەبا و ئیلکترۆنیات (Electricity and Electronics)

ئەمانەوە و چەندین پسپۆڕی وردی دیكه‌.

خوێندن لە بەشەکە بۆ ماوەی چوار ساڵە و زۆربەی مامۆستاکانی ئەم بەشە کەسانی لێهاتوون و لە وڵاتانی ئەوروپا خوێندنیان تەواوکردووە.