بـه‌ ئـاسـانـی لـه‌ بـومـه‌لـه‌رزه‌ تـێـبـگـه‌

نووسینی: هاوار فازڵ ـ مامۆستای زانكۆی چه‌رموو

بومەلەرزە بریتیە لە لەرانەوەی زەوی بە هۆی بچڕان و لێکترازانی چینە بەردەکانی ژێر زەوی کاتێک ئەو چینە بەردانە چیتر بەرگەی ئەو هێزە ناگرن کە لەسەریانە. بۆ ئەوەی لە بومەلەرزە تێبگەین دەبێت سەرەتا لە پێکهاتەی گۆی زەوی تێبگەین. زەوی بە تەواوی لە هێلکەیەک دەچێت کە لە سێ بەشی سەرەکی پێکهاتووە. توێکلێ هێلکەکە کە بەشێکی ڕەق و تەنکە بریتیە لە کرەست، بەشی دووەم کە سپێنەی هێلکەکەیە بریتیە لە مانتڵ و پاشان زەردێنەی هێلکەکە بریتیە لە بەشی کرۆکی زەوی. ژیانی ئێمە و هەموو زیندەوەرانی تر لەسەر ئەو بەشە تەنک و رەقەیە کە پێیدەوترێت لیپۆسفێر، ئەم لیپۆسفێرە لە کرەست و بەشی سەری سەرەوەی مانتڵ پێکدێت. بۆ ئەوەی لێی تێبگەین دەگەڕێینەوە بۆ نموونەی هێلکەکە. چینی لیپۆسفێر لە توێکڵی هێلکەکە و کەمێک سپێنەی هێلکە پێک دێت. کاتێک دەڵێین تەنک ئەوە بە شێوەیەکی ڕێژەییە واتە بە بەراورد بە بەشەکانی مانتڵ و کرۆکی زەوی ئەوا بەشی رەقی زەوی تەنکە ئەگەرنا ئەستووری لیپۆسفێر لە شوێنێک بۆ شوێنێک جیاوازە بە نزیکەیی (١٠٠)سه‌د کیلۆمەتر دەبێت. جیاوازی زەوی لە هێلکەکە ئەوەیە کە توێکڵەکەی زەوی یەک پارچە نیە بەڵکو ئەو توێکڵە پارچە پارچەیە و بەو پارچانەش دەوترێت پلێتی تێکتۆنیک. هەموو توێکڵی زەوی دابەش بووە بۆ (٧)حه‌وت پلێتی سەرەکی و (٨)هه‌شت پلێتی بچووکتر. ئەم پلەیتانە هەیانە پلەیتی ووشکانیە و هەشیانە پلەیتی ئاوین واتە لە ژێر زەریاکاندان. ئەم پلەیتانە راستەوخۆ دەکەونە سەر بەشی مانتڵی زەوی کە بەشێکی نیمچە شلە و بریتیە لە بەردی تواوە. ئەو بەشەی مانتڵ لەبەر ئەوەی نیمچە شلە بە هۆی جیاوازی پلەی گەرمیەوە بەردەوام بە شێوەیەکی بازنەی لە جوڵەدایە وە لەبەر ئەوەی پلەیتەکان بە ووشکانی و زەریایەکانیشەوە لەسەر ئەم بەشەن هەر بۆیە بەردەوام ئەوانیش لە جوڵەدان وەک تەپەتۆرێک بەسەر ئاوەوە. جوڵەی پلەیتەکان زۆر خاون لە ساڵێکدا چەند ملیمەترێک دەجوڵێن بەڵام بە تێپەڕبوونی ملیۆنان ساڵ هەر پلەیتەکان چەندین کیلۆمەتر دەبڕێن. هەرواش بووە، ئەو جوڵانە لە مێژووی جیۆلۆجیدا تۆمار کراون و هەرچی دیاردە جیۆلۆجیەکانە پەیوەندیدارە بە جوڵەی پلێتەکانەوە بۆ نموونە: بۆمەلەرزەکان، بورکانەکان، دروستبوون و نەمانی زەریاکان، دروستبوونی شاخەکان، دروستبوونی کانزاکان و چەندین دیاردەیتر کە بوونەتە هۆی دروستکردن و هەندێ جار لە ناوبردنی ژیان.

ئێستا با بێێنەوە سەر باسە سەرەکیەکەی خۆمان کە بومەلەرزەیە. کاتێک پلەیتەکانی زەوی کە قەبارەیان زۆر گەورەیە دەجوڵێن هەندێک جار دوو پلەیت لە یەکتر جیا دەبنەوە، هەندێ جار دوو پلەیت بە لای یەکدا تێدەپەرن وە هەندێک جار دوو پلەیت بەر یەک دەکەون. کاتێک دوو پلەیتی تێکتۆنی بەر یەکتر دەکەون ئەگەر هەردووکیان پلەیتی ووشکانی بن ئەوا لەو شوێنەدا بەر یەک دەکەون شاخەکان دروست دەبن وە فشارێکی زۆر دەکەوێتە سەر لێواری پلەیتەکان، بیرمان بێت کە پلەیتەکان بریتین لە بەرد. لێرەدا بیهێنە پێش چاوی خۆتان دوو پلەیت کە بە ملیارەها تەن لە بەرد پێکهاتوون بەر یەک کەوتوون وە بەردەوامیش بەر یەک دەکەون، فشارێکی زۆر دەکەوێتە سەر ئەو باردانەی کە لە شوێنی بەر یەک کەوتنەکدان. بە هۆی ئەو فشارەوە هەندێک جار بەردەکان لول دەبن وەک چۆن قوماشێک لول بکەیت بەڵام هەندێک جاریش بەردەکان دەشکێن و بە یەکدا دێن. لە بەردەوامی بەریەک کەوتنی پلەیتەکاندا ووزەیەکی زۆر بە شێوەی ماتە ووزە لە ناو بەردەکانی ژێر زەویدا کۆدەبێتەوە هەر کات ئەو بەردانە لە ژێر زەویدا بشکێن ئەوا ئەو ووزە زۆرەی کە کۆیان کردۆتەوە دەردەپەڕێتە دەرەوە بە شێوەی شەپۆل دەگاتە سەر زەوی و ئێمەش وەک بومەلەرزە هەستی پێ دەکەین. بۆ ئەوەی بە باشتر لەمە تێبگەین نمونەیەک دێنینەوە. راستەیەک یان پارچە دارێک بێنە و بینوشتێنەوە، سەرەتا ڕاستەکە یان دارەکە بەرگە دەگرێت و ئەو هێزەی لەمسەر و ئەوسەری دەیخەیتە سەریان کۆ دەکەنەوە بەڵام کاتێک هێزەکە زیاتر بێت ئەوە دەبچڕێن و دەنگێکیان لێوە دێت، ئەو دەنگە بە هۆی ئەوەوەیە کە پێش ئەوەی بشکێن ووەزەیان تیا کۆبۆتەوە و کە شکاون ووزەکە بە یەکجار و لە ماوەیەکی کەمدا دەرەپەڕێتە دەرەوە. بوومەلەرزەش هەمان شێوەیە بەڵام لە قوڵای زەویدایە، ئەگەر ووێنای بکەیت مەلاین تەن لە بەرد کە ووزەیەکی زۆریان تێدا کۆبوه‌تەوە دەشکێن دەبێت چەند بەهێز بێت.

بومەلەرزەکان شەپۆلن و پێیاندەوترێ شیپۆلی سایزمیکی، ئەم شەپۆلانە چەندین جۆریان هەیە هەندێکیان ئەوانەن کە زەوی دەلەرێننەوە. بە هۆی ئامێری سایسمۆگرافەوە تۆمار دەکرێن و پاشان لە ڕێگایەوە گوڕ و شوێنی ڕوودانی بومەلەرزەکە دیاری دەکرێت. دوو پێوەر هەیە بۆ بومەلەرزە یەکیان پێوەری ڕێختەرە کە بە شێوەی ژمارەیە و زۆر کات لە (٠-١٠) یە. جۆری دووەم پێوەری مێرکەڵیە کە زیاتر پشت بە وەسفکردن دەبەستێت بۆ نمونە ئایا بوومەلەرزەکە شتی خستۆتە خوارەوە یاخود خانووی رووخاندووە.


زیانەکانی بومەلەرزە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکیتر دەگۆڕێت بە هۆی چۆنیەتی خۆ ئامادەکردن بۆ ڕوودانی بومەلەرزە بۆ نموونە ئەگەر بوومەلەرزەیەک بە گوڕی (٧)حه‌وت پلە لە ووڵاتێکی وەک هایتی روو بدات ئەوە زیانەکانی زۆر زیاتر دەبێت لە بومەلەرزەیەک بە هەمان گوڕ بەڵام لە ووڵاتی یابان روویدابێت.

ئەو بومەلەرزەیەی کە لە باکوری کوردستان و بەشێکی ڕۆژئاوا ڕوویدا بە گوڕی (٧.٨)پلەی ڕێختەر بە داخەوە هەزاران قوربانی لێ کەوتەوە و زیانێکی زۆری مادیشی هەبوو لەو شوێنەدا ڕوویدا کە هەردوو پلەیتی ئەنادۆڵی تورکی و پلیتی ئەرەبی پێش چەندین ملیۆن ساڵ بەریەک کەوتوون.

هەرچەندە بومەلەرزە پێشبینی ناکرێت بەڵام زەوی کراوە بە چەند زۆنێکەوە هەندێک لە زۆنەکان بە زۆنی مەترسیدار دانراون بۆ ڕوودانی بومەلەرزە، دەتوانرێت وەک چۆن ووڵاتی یابان ئامادەکاریەکی زۆری کردووە بە هۆی ئەندازیاری سایزمیکی زیانەکانی روودانی بومەلەرزە کەم بکرێتەوە. هەندێ کات بە هۆی بەکارهێنانی ئاژەڵەوە بە ماوەیەکی کەم بەر لە ڕوودانی بومەلەرزە دەتوانن پێشبینی بکەن بەڵام هێندە کەمە ماوەکە کە ناتوانراوە سوودی لێ ببینن بۆ ئاگادارکردنەوەی هاوڵاتیان.


لە کۆتایدا لە خوای گەورە داواکارین کە هاوکاری لێقەوماوانی باکور و رۆژئاوای کوردستان بکات و سەبووری دڵی هەموو ئەو خێزانانەش بدات کە کەسێکیان لە دەستداوە و بە زووترین کات شیفای بریندارەکانیش بدات.


:سەرچاوە

وێبسایتی لێکۆڵینەوەی جیۆلۆجی ئەمریکی

وێبسایتی لێکۆڵینەوەی جیۆلۆجی بەریتانی