سكوڵی‌ په‌روه‌رده‌ی بنه‌ڕه‌تی/ زانکۆی ســلێمانى

 

سه‌ره‌تا له‌ ساڵی‌ ( 2003-2004 ) به‌ ناوی‌ كۆلێجی‌ مامۆستایان دامه‌زرا له‌ سه‌ر داوای‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ به‌ر

پێویستی‌ زۆریان به‌ مامۆستای‌ لێهاتوو و شاره‌زا له‌ بواره‌ جیاجیاكانی‌ زانستدا.

سیستمی‌ خوێندن له‌ سكووڵه‌كه‌ماندا له‌ یه‌كه‌م ساڵی‌ خوێندن بریتی‌ بوو له‌ سیستمی‌ گشتی‌ واته‌ سه‌رجه‌م خوێندكاران بابه‌ته‌كانیان وه‌ك یه‌ك ده‌خوێند .له‌ ساڵی‌ (2004-2005) دا چوار به‌شی‌ زانستی‌ له‌ سكووڵدا كرایه‌وه‌ كه‌ بریتی‌ بوون له‌ (به‌شی‌ زمانی‌ ئینگلیزی‌, به‌شی‌ ماتماتیك و كۆمپیوته‌ر, به‌شی‌ زانسته‌ كۆمه‌لاَیه‌تیه‌كان, به‌شی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ وه‌رزشی‌ ) وه‌ سیستمی‌ خوێندن له‌ گشتی‌ یه‌وه‌ بوو به‌ وه‌رزی‌ .

 

له‌ ساڵی‌ (2005-2006) دا ناوی‌ سكووڵه‌كه‌ له‌ (كۆلێجی‌ مامۆستایان) ه‌وه‌ گۆڕا بۆ (كۆلێجی‌‌ په‌روه‌رده‌ی‌ بنه‌ڕه‌تی‌) له‌به‌ر دوو هۆ :-

 

1- ئاماده‌كردنی‌ مامۆستای‌ شاره‌زا له‌ بواری‌ زانستی‌ نوێ‌ یه‌كاندا بۆ قوتابخانه‌ بنه‌ڕه‌تی‌ یه‌كان كه‌ پۆلی‌(1-9) ده‌گرێته‌وه‌ .

2- ناوی‌ سه‌رجه‌م كۆلێجه‌ هاوتاكان له‌ زانكۆكانی‌ كوردستان و عێراق گۆڕدرا بۆ هه‌مان ناو .

 

له‌ ساڵی‌ (2006-2007) دا سیستمی‌ خوێندن له‌وه‌رزی‌ یه‌وه‌ بوو به‌ سیستمی‌ سالاَنه‌ پاش به‌ستنی‌ كۆنگره‌ی وه‌زاره‌تی‌ خوێندنی‌ بالاَ.

 

وه‌ له‌ ساڵی‌ ( 2010-2011 ) هه‌رسێ‌ به‌شی‌ ( باخچه‌ی‌ ساوایان ، په‌روه‌رده‌ی‌ هونه‌ری‌ ، به‌شی‌ زمانی‌ كوردی‌ ) كرایه‌وه‌ وه‌ له‌ هه‌مان كاتدا به‌شی‌ ماتماتیك و كۆمپیوته‌ر جیا كرایه‌وه‌ بۆ دوو به‌شی‌ سه‌ربه‌خۆ ( به‌شی‌ زانسته‌ بیركاریه‌كان ، به‌شی‌ زانستی‌ كۆمپیوته‌ر ) وه‌ ئه‌م به‌شانه‌ بۆ ساڵی‌ خوێندنی‌ ( 2011-2012) خوێندكاریان وه‌رده‌گرتووه‌ جگه‌ له‌ به‌شی‌ زمانی‌ كوردی‌ كه‌ له‌ ساڵی‌ ( 2012-2013 ) خوێندكاری‌ وه‌ر‌گرتووه‌ ، كه‌واته‌ ئێستا كۆلێجه‌كه‌مان پێك هاتووه‌ له‌ (7) به‌ش كه‌ به‌شه‌كانیش ئه‌مانه‌ن‌ ( به‌شی‌ زمانی‌ ئینگلیزی‌ ، به‌شی‌ زانسته‌ كۆمه‌لاَیه‌تیه‌كان ، به‌شی‌ زانسته‌ بیركاریه‌كان، به‌شی زانستی‌‌ كۆمپیوته‌ر ، ، به‌شی‌ باخچه‌ی‌ ساوایان ، به‌شی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ هونه‌ری‌ ، به‌شی‌ زمانی‌ كوردی‌ ) ، ژماره‌ی‌ خوێندكارانی‌ ئه‌م سكوڵه‌ بریتیه‌ له‌ ( 1795) خوێندكار ، وه‌ ژماره‌ی‌ خوێندكاره‌ ده‌رچووه‌كانی‌ ئه‌م سكوڵه‌ له‌ ساڵی‌ دامه‌زراندنییه‌وه‌ تا ئێستا بریتیه‌ له‌ ( 1660) خوێندكار كه‌ بڕوانامه‌ی‌ بكالۆریۆسیان به‌ده‌ستهێناوه‌  له‌ بواره‌كانی‌ ( ماتماتیك و كۆمپیوته‌ر ، زانسته‌كۆمه‌لاَیه‌تیه‌كان ، زمانی‌ ئینگلیزی‌ ، په‌روه‌رده‌ی‌ وه‌رزش  )

 

وه‌ له‌ ساڵی‌ ( 2011-2012 ) بڕیاردرا به‌ ئاوێته‌ كردنی‌ كۆلێجه‌كانی‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌ ،كۆلێجی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ ئاوێته‌ كرا له‌گه‌ڵ كۆلێجی‌ وه‌رزش كرا به‌ ( فاكه‌ڵتی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ وه‌رزش و بنه‌ڕه‌تی‌ / سكوڵی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ وه‌رزش ، سكوڵی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ ) وه‌ له‌ هه‌مان كاتدا به‌شی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ وه‌رزش له‌ سكوڵه‌كه‌مان جیاكرایه‌وه‌ گوازرایه‌وه‌ بۆ سكوڵی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ وه‌رزش .

تا ئێستا (7) خولی‌ خوێندكاران ده‌رچوون له‌ بواره‌ زانسته‌ جیاجیاكانی‌ سكووڵ ، وه‌ك مامۆستا له‌ قوتابخانه‌ بنه‌ڕه‌تی‌ یه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ دامه‌زراون و ئاستی‌ زانستی‌ و په‌روه‌رده‌ییان جێی‌ ره‌زامه‌ندی‌ قوتابخانه‌كان بوون و ڕۆڵێكی‌ باش ده‌گێرن له‌سه‌رخستنی‌ پرۆسه‌ی‌ چاكسازی‌ له‌ بواری‌ خوێندندا و له‌ په‌روه‌رده‌ كردنی‌ خوێنكاراندا به‌ شێوه‌یه‌كی‌ زانست په‌روه‌رانه‌ .

 

ئامانجی‌ كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م كۆلێجه‌ بریتیه‌ له‌:

1. ئامانجی‌ گشتی‌:

پێگه‌یاندنی‌ مامۆستای‌ خاوه‌ن كه‌سایه‌تی هاوسه‌نگ و ڕۆشنبیر كه‌ بتوانێت ڕۆڵی‌ پیشه‌یی‌ و په‌روه‌رده‌یی‌ و نیشتمانی‌ خۆی ببینێت، ئه‌ركی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ نه‌وه‌یه‌كی‌ ژیر و دڵسۆز و به‌توانا بخاته‌ ئه‌ستۆی‌ خۆی‌، بۆ مسۆگه‌ركردنی‌ دواڕۆژێكی‌ ڕووناك بۆ وولاَته‌كه‌مان.

 

2. ئامانجی‌ تایبه‌تی‌:

پێگه‌یاندنی‌ مامۆستا بۆ خوێندنگا بنه‌ڕه‌تییه‌كان كه‌ شیاو بن بۆ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌ركه‌كانیان له‌ ڕێگای‌ دروستكردنی‌ بناغه‌یه‌كی‌ ڕۆشنبیری‌ گشتی‌ پته‌و و شاره‌زاییه‌كی‌ باش له‌ بواری‌ تایبه‌تمه‌ندی‌ خۆیان و ڕێگه‌دان به‌ پراكتیزه‌كردنیان پێش ده‌رچوونیان له‌ زانكۆ بۆ دڵنیابوون له‌ ئاستی‌ ڕۆشنبیری‌ خوێندكاران و توانای‌ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌م شاره‌زایی‌ و زانیاریانه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی‌ چوار ساڵ یان زیاتردا وه‌ریده‌گرن .