دیوان
ماڵه‌وه
بۆیه شکام
که شه‌رمه‌زاری سه‌رکه‌وتنه‌که‌ی بێ
ئه‌و گه‌رده‌لووله‌ی
بۆ شکستدان هه‌ڵی کردبوو
***
ئامێزتم بۆ بکه‌وه
با په‌ناگه‌ی ته‌نیاییم بێ ئه‌م سه‌رابه ناواده‌یه
قه‌ده‌ر هه‌ڵیگرتم
له سایه‌قی شه‌وێکی زستانیا
له به‌سته‌ڵه‌کی بێ تاوانیا
به‌ره‌و لای تۆ دالده‌ی داوم
****
روو زه‌ردی کانیاوێک
ته‌لیسمی به‌رده‌وام بوونی، به‌ره‌و ده‌ریا پێبه‌خشیم
چ خه‌ونێکی شیرین بوو ده‌ریا
وه چه‌ند به ئاره‌زوومه‌ند بوون زیر و به‌می هه‌ڵچوون و داچوونی
ئه‌و شه‌پۆلانه‌ی
که داڵغه‌یان راده‌کێشام به‌ره‌و که‌ناری ئارامی
که شه‌پۆلم پێ که‌وی نه‌کرا
حه‌زی ئه‌ستێره‌یه‌کم هه‌ڵگرتوووه
که ژیله‌مۆی شه‌وانی دامرکانم بێ
کێ ده‌خیلی ئازارمه؟
کێ رائه‌گرێ
جه‌سته‌ی رووخاوی نامۆییم
له که‌ناری ته‌م تێ نیشتووی به‌رده‌وامیدا؟
ئه‌م کانییه
له سه‌رچاوه‌ڕا گۆش درا بوو به شه‌پۆل دان
سه‌ری ئێمه‌یش
میرات گری ئه‌و شه‌ڕه‌فه بوو
که هه‌ر ده‌بوایه
شاخ به شاخی که‌ڵه شاخی شکان بێ
سانه‌وه‌یه‌کی ئه‌به‌دی
مه‌گه‌ر ده‌مارم شل کاته‌وه
تاوان و مه‌رگ
ته‌نگی به "ئیمکان" هه‌ڵچنیوه
چ بڕ ناکا چۆله‌که‌ی رۆحی ته‌نیاییم
کێ روو ره‌شی هیجرانمه؟
07،10،1998
چاوانم گه‌ر
هێنده‌ی ئاسمان
به سه‌ر له‌شی زاماری تۆ -راکشابان
هه‌موو رۆژێ هه‌وری دیده‌م
ده‌بوو به وه‌رزی گریانێ
به سه‌ر خاکێکی بێ نازا - دائه‌باری
رۆحم گه‌ر وه‌ک شنه‌ی شه‌ماڵ له گه‌ڕدا با
تاقه شه‌وێ هه‌ڵم ده‌کرد
سه‌ری سه‌وزم
له ژووری خه‌متان هه‌ڵدێناو
کسپه‌یه‌کی وه‌نه‌وشه‌ییمم
به گوێی تاسه‌ی به‌هاریتاندا ئه‌چرپاند
که کازیوه‌ی مزگێنی بێ
بۆ تازه رۆژی رزگاری
1995
نیوه شه‌وه
له غه‌فڵه‌تی خه‌ونووچکه‌ێی
خۆ ئه‌دزمه‌وه
دایکم ئه‌گری
تریفه‌ی مانگ
مێحرابێکی زێوینه
بۆ رازونیازی نزاکانی نیوه شه‌و
بۆ پاڕانه‌وه
بۆ هه‌ڵێنانه‌وه‌ی ده‌ستی نیاز
به‌ره‌و ئاسمان
تاڤگه خۆڵه‌مێشییه‌که‌ی پرچی
رێژنه‌ی دوو چاوی نیگه‌ران
هه‌نیسکی ژنه کوردێ
هه‌ر وه‌ک دوێ شه‌و
هه‌ر وه‌کوو خۆی
وه‌کوو هه‌موو شه‌وانی دڵه‌راوکه‌یی
وه‌کوو "ژنێک
هێوڕ هێوڕ
غه‌میکی زه‌رد سه‌ر ئه‌کێشێ و
هه‌وا هه‌وا
بلوێری لالێوی پاییز،
کوڵی دڵم وێکڕاده‌کوشێ.
چ پاییزێکی نامۆیه ئه‌م پاییزه
وه‌ک وێنه کێش،
تراویلکه‌ی تاسه‌یه‌کی گوڵ په‌مه‌یی
له که‌ناری ته‌مگرتووی بیره‌وه‌ریم ره‌سم ئه‌کات و
به‌دوای خۆیدا رامئه‌کێشێ.
ئێواره‌یه
سێبه‌ر ده‌کشێ به‌سه‌ربالێ خه‌یاڵی عه‌شق و ئازادیم،
دڵی ته‌نگم
له‌م ئاهه‌نگی غوربه‌ته‌یدا
هه‌ر په‌ل ئه‌کوتێ
به‌ره‌و زێگه و ئارمی تۆ.
له باوه‌شی به‌سته‌ی زه‌ردی
سه‌مفۆنیای ئه‌م پاییزه
تاسه‌ت ئه‌که‌م
گه‌رده‌لوولێ،
له پێده‌شتی یادی تۆوه هه‌ڵم ئه‌گرێ و
له که‌له‌پۆی زه‌رده په‌ری
وه‌رزی کۆچی پاسارییه‌کان- به‌ره‌و ئاران
دام ئه‌گرێت و غه‌می ئه‌مگرێ.
له نێو دڵما،
هیوای به‌رزی هه‌ڵفڕینێ باڵ ده‌ر ئه‌کا
که باڵ بگرێ
به‌ره‌و ژوانگه‌و که‌ناری تۆ.
ئه‌مه
سێ پاییزه
بۆ جارێ تر، مه‌لی تاسه‌م
له سه‌ر سینه‌ی یادکردنه‌وه‌ت
چینه ئه‌کا.
هه‌ست و ئارام،
ده‌بن به خوێن
به نێو جه‌رگما سه‌ر ده‌رئه‌کاو
به چاوانما
ده‌بنه رۆندکی رێی غه‌ریبی و
به سه‌ر جه‌سته‌ی قه‌سیده‌یه‌کا ئه‌چۆرێت و
دڵۆپ دڵۆپ
شێعرێ
هێنده‌ی مه‌ودای ئه‌م دوورییه دیکته ده‌کا!
مه‌گه‌ر گیانه له لای تۆڕا
باوێڵکه‌یه‌ک
به ده‌م هه‌ناسه‌ی ته‌نگته‌وه
هه‌ڵبفرێت و بگاته لام!
له به‌ر ده‌مما، خولێ بخواو
قه‌سیده‌یه‌ک له به‌ر بکا و بێته‌وه لات.
من ئه‌زانم
له تاسه‌تا،
بزه‌و گوڵ قه‌ت نابن به گوڵ!
تۆ چاوه‌رێی نیگایه‌کی
به‌شکه‌م نا‌مه‌ی عه‌شقێکی سوور
له ده‌فته‌ری چاوه‌کانتا وه‌خوێنی
من ئه‌زانم، من ئه‌زانم، سه‌د مه‌خابن
له‌م زیندانه
کوا قاسیدێ سه‌ر ده‌ر ئه‌با؟
گڤه‌ی زریان
سه‌ر ئه‌کا به نێو کونی شمشاڵی ژه‌نگاوی
ئه‌م ئێواره ماته‌مینه
نۆتی یاد
زیر و به‌می ئازارێکن
تاسه‌ی دووریت ده‌یهه‌ژێنی.
دڵم ته‌نگه‌و له تاسه‌ما
ته‌پ و تۆزێ
له سه‌ر ته‌پکی هه‌زاره‌ی خه‌یاڵم ئه‌نیشێ.
پاییز،
ئه‌رژێته نێو بیر و هه‌ستی
وه‌ک سێبه‌ری گرۆکی هه‌وران
گه‌واڵ گه‌واڵ
ده‌خوشێنه نێو ژیانم.
من پاییزو، پاییز منم.
پاییز، پاییز
پاییزی غه‌ریبی
پاییزی نێو زیندان،
پاییزی گۆشه‌ی ته‌نیایی
پاییز، ترووسکه‌ی یاد
هه‌ڵچوونی بیره‌وه‌ری
مۆته‌ی شه‌وانی ئاخ کێشان...
چه‌ند نامۆیه
تاسه، به پاییزه‌وه گرێ ئه‌خواو
پاییز به یاده‌وه‌و
یادیش به تۆ!
تۆ له وێڕا
ده‌ستت ئه‌برد بۆ پرچی گوڵ
لێره شێعرێ خه‌نی ئه‌بوو.
له سه‌ر ته‌ختی خه‌یاڵی من هه‌ڵده‌نیشتی و
چه‌پکه گوڵی حه‌زه‌کانت
ئه‌دایه ده‌م رۆباره‌وه
به‌و هیوایه
بغاته ده‌م گۆل "ورمێ"
لێره شێعری لووز ئه‌بوه‌وه‌و
وه‌کوو فرمێسک
به له‌رزه له‌رز
با چاوانما شۆڕ ئه‌بوه‌وه.
تۆ له وێڕا گۆرانییه‌کت به گوێی شه‌ماڵدا ئه‌جرپاند
لێره شێعری سه‌مای ئه‌کرد بۆ ئازادی.
ئه‌ی پێم ناڵیی
کسپه‌ی غه‌ریبی ئه‌م جاره‌ت
له‌م خه‌زانه
چی لێم ده‌وێ، چی لێم ده‌وێ؟
نامه‌که‌ت
هه‌روه‌کوو په‌نجه‌کانت
له نێو ده‌ستما ده‌یانکوشم،
وه‌ک ئه‌و کاتانه‌ی
سه‌رمای سۆزی ناهومێدیت ئه‌یله‌رزێنێ
وا هه‌ست ئه‌که‌م
په‌نجۆڵه‌ی زه‌ردو له‌رزۆکتن
وه‌ک چۆله‌که
له نێو ده‌ستما گرمۆڵه‌یانه.
ده‌بێ گیانه
کسپه‌ی غه‌ریبی نامه‌که‌ت
چلۆن له پاڵوێنه‌ی زیندان تێپه‌ڕ بووبێ!
له ده‌ندوکی بژاری قه‌ل-
چۆن ده‌رچووبن
ئه‌م هه‌مووه دانه وێڵانه!
چاوه‌کانم پڕن له هیچ
وه‌ک دوو باڵدار
چینه‌ی وشه‌ی تاسه‌ی زه‌ردی نامه‌ت ده‌که‌ن
هه‌ر کوتمت
له هێلانه‌ی
گۆڕی چاومه‌وه
سه‌یری ورشه‌ی کانیاوی ئینشا بکه‌ن
چاوه‌کانم
وه‌ک دوو قومری
له سه‌ر نزرگه‌ی تاسه‌تا هه‌ڵنیشتوون و
وشه وشه‌ی
خۆشه‌ویستی هه‌ڵ ئه‌بژێرن
به دوای یه‌کا ریزی ئه‌که‌ن
وه‌ک ئه‌و کاته‌ی په‌نجه ببه‌ن بۆ لاسکه گوڵ،
شێعر و سروود و گۆرانی
ئه‌بن به جه‌زمه‌ی چریکه‌یه‌ک
به ده‌شت و ده‌ر وه‌رئه‌گه‌رێن.
بۆنی شه‌رمێونی شه‌مامه‌یه‌ک وه‌بیر دێنێ
که له بێستانی رۆمانێکا
چاوه‌رێیه
سه‌رنجی من له دا‌و بخا.
بۆ ناردتن بۆ؟
لێره سه‌مای په‌ری ره‌شداڵی تۆ
تراویلکه‌ی پێده‌شتێکه
وازی وزه‌م لێ ئه‌ستێنێ.
لێره ئه‌وین زیندانییه،
له ژووری ئینفرادیدا
فرمێسک و زام لێک گرێ ئه‌دا-
بۆ ملوانکه‌ی
خۆشه‌ویستی بووکی ئازادی.
لێره وشه مابوسێکی دڵ به خه‌مه
که وه‌ک ئاوی
له رۆباری زه‌مه‌ن دابڕا بێ و
تاسه‌ی زه‌نگی بارانێکی به‌خوڕ بکا.
له زرینگانه‌وه‌ی بێده‌نگیدا
زڕه‌ی زه‌نجیر
باڵای شووشه‌ی شێعر ئه‌له‌رزێنێ
هێدی هێدی
وه‌ک بلوورێکی ئێجگار شه‌فاف
ده‌قڵشێت و هه‌ڵ ئه‌وه‌رێ.
لێره، لێره
هه‌موو رۆژێ
پیره پیاوێ
وه‌کوو نسێ
ده‌خشێ به‌ره‌و ژووری ته‌نیاییم
ئاسۆی شێعری
به‌ره‌و روانگه‌ی یادی ئه‌تۆم له هه‌ڵده‌بڕێ...
سه‌ری کاسی
به ملیه‌وه هه‌ڵده‌واسێ و
وه‌ک عه‌قره‌به‌ی کاتژمێرێ
به حه‌وشه‌ی زیندانا هه‌ڵئه‌سوورێ.
جار ناجارێ
جه‌مان له کاسی تاسه‌یدا شلتر ده‌بێ و
له به‌ر لێوی قڵشاویه‌وه
سروودی"ئاو" ئه‌ڵێته‌وه!
زیندان بۆ ئه‌و ده‌مبێنی ده‌رنه‌بڕینه
زیندان قفڵی ئه‌ندێشه‌ی یازاده
وه‌ک خۆی ده‌ڵێ
چاره‌نووسه چاره‌نووس!
،،،
زیندان بۆ ئه‌و
ده‌وری وه‌رزی دڵته‌نگییه‌کانه‌و
له گه‌ڵ مێژوو
قۆناغ قۆناغ
دووپات ئه‌بێته‌وه.
هه‌ر ده‌ڵێی په‌یکه‌رێکی حه‌وجۆشه
ژه‌نگی مێژووی هه‌ڵگرتووه.
چاوه‌کانی
له دوورده‌ستان ئه‌نگووتووه
من ئه‌زانم له تاسه‌یدا
ته‌پ و تۆزی بن ناڵی ئه‌سپێکی که‌حێل
مۆڵی خواردوه‌ته‌وه
بۆ گوڕ دانێک، بۆ سوار بوونێک، بۆ چوار ناڵێک، بۆ غاردانێ.
له دیرۆکی هه‌ناسه‌یدا
په‌یتا په‌یتا
مه‌راق ئه‌رژێن
هه‌مووی سوارن و
نۆره نۆره
له سوارکاری دێن ئه‌که‌ون.
بیره‌وه‌ری
سه‌ربرده‌ی مابووسێکه
به به‌ر چاوی زیندانیه‌کان
ریز ئه‌به‌ستن
ده‌بنه خه‌یال، خه‌ون، درۆ و فشه
له ته‌وژمی ئه‌م غوربه‌ته
له بیر ئه‌چن.
* رۆژێک
له ئێواره‌یه‌کی وه‌ک هه‌موو ئێواره‌کانی زیندان
له قووژبنێ
ئه‌ژنۆی خه‌می له کۆش گرتبوو
بزه‌یه‌کی تیژتێپه‌ر
له سه‌ر لقی ئارامی ئه‌و هه‌ڵفڕی و
ناره نارێکی غه‌ریبی کوت
ته‌زووی ئازار
به ناو به‌سته‌ی لاواندنه‌وه‌یدا پێچی ئه‌خوارده‌وه و
کوتی
" – رۆڵه
پارده‌ی ئه‌م کورده
هێنده کورته
هه‌موو ئه‌سپێکی ناره‌سه‌ن
بازی به سه‌ردا هه‌ڵده‌دا...!"
** حه‌زم کرد ئه‌م وشانه بکه‌م به شێعر
به باوه‌شێ گه‌ڵای حه‌سره‌ت
به دوو په‌نجه
بۆ هۆنینه‌وه‌ی قه‌سیده‌یه‌ک.
حه‌زم کرد
ببن به ناڵی ئه‌سپێکی سه‌رکێش
به دوو باڵی شێعری "وه‌لی"
بۆ شه‌م بسووتێ و دووکه‌ڵی
ئاسمانی خه‌م دابپۆشی...
چی بنووسم؟
"خوایه هێزی ئینشایێ"
له‌م تاراوگه په‌ڕگرتووه
چی بنووسم چی؟
شێعرێ تۆماری عه‌شقت بێ
که ژوانگه‌ی شه‌وانی دڵداری بێ؟
رۆمانسی شه‌وێکی چپه‌ی نێو کۆڵان؟
یا خود شێعرێ
که دڵنیات کا
حه‌زی سه‌رکێشی لاویه‌تیم
هه‌ر ئێستاکه‌ش
له زیندانا
به‌ره‌و هۆبه‌ی ژوانگه‌ی عه‌شقت هه‌ر سم ده‌کوتێ؟
چی ئه‌نووسرێ له‌م پاییزه سه‌ر سامناکه‌ی-
ئه‌م تاراوگه په‌ڕنیشتووه
که له که‌لێنی زه‌مانه‌وه
وه‌ک ئه‌ژده‌هاک
مێشکی روونی لاوانی کورد
بۆ ژه‌می ماری نه‌وسن
ئه‌پژێنی!
چی ئه‌نووسرێ! له‌م په‌سیوه ده‌ڵته‌نگییه
که سێداره
مه‌نتقی رۆژه و
نه‌غمه‌ی سروودی دڵداران ئه‌خنکێنێ.
ئه‌یخنکێنی و ئه‌یخنکێنی
هه‌تا به گوێی "خانی" نه‌گا و دا نه‌چڵه‌کێ
له کۆتایی دوایین پشووی
سه‌ده‌ی بیسته‌م
ئه‌فسانه‌ی مه‌م و زینێکی تر نه‌خووڵقێنێ!
نازداره‌که‌م
چی ئه‌نووسرێ له کاتێکا
میله‌ی زیندان
سنووری تاسه‌ی شێعرێکه.
چی ئه‌نووسرێ ئه‌و کاته‌ی
له په‌نجه‌ره‌ی زیندانه‌وه
رۆژنه‌ی زه‌مان ته‌نگ تر ده‌بێ.
چی ئه‌نووسرێ چی؟
لێره حه‌ز،
بڵقی تاسه‌ی سه‌ر سینگی گۆمێکه
به هه‌ناسه‌یه‌ک ئه‌ته‌قێ.
لێره ژیان یانی ئه‌شکه‌نجه‌ی به‌رده‌وام
دڵداریش
ذلدانه‌وه‌ی
زیندانییه‌کی مه‌حکووم به ئیعدام.
ئێره زیندانه زیندان
زئندانی قه‌ڵا قه‌ڵای ئه‌فسانه‌ی زووحاک.
هێندێ ئاڵ و گۆڕ نه‌بێ
ئاسمان هه‌مان ئاسمانه و
نیشتمان هه‌مان نیشتمانه و
خاک هه‌مان خاک
ئێره زیندانه، هه‌مان زیندان
زیندانی بێداد و سامناک.
چه‌ند حه‌ز ئه‌که‌م
شه‌وێک
وه‌کوو هه‌موو شه‌وانی نێو زیندان
که له دۆزه‌خی زینده‌خه‌ودام،
"داستایوسکی"
بێته ژووری دڵته‌نگیم و
ده‌قی نامه عه‌شقێکی یاخیم پێ دیکته‌کا و
منیش بیکه‌م به تاسه‌ی شێعرێک و
پڕ به باڵای خۆشه‌ویستیت
بیهۆنمه‌وه.
حه‌ز ئه‌که‌م
"ناڵی"
به ده‌فته‌ری قه‌سیده‌ی شاره‌زووره‌وه
گه‌وره‌م کات و بێت لای سه‌رووی خه‌مه‌کانم دانیشێ
منیش بڵیم
قووربان
حه‌بیبه‌ی من
"خێلیش نییه ته‌رازووی نازی سه‌ربکا"
حه‌بیبه بچکۆلانه‌که‌م
له‌م دونیایه
تاسه‌ی شێعری دڵداره‌که‌ی
شه‌وانێکه
وه‌نه‌وزی شێواندووه.
قووربان حه‌ز ده‌که‌م بفه‌رمووی
له تاسه‌ی شاره‌زوور
چلۆن "بادی خۆش مروور"
باڵی خه‌یاڵی هه‌ڵگرتی و
ئۆقره‌ی به چامه‌ی سۆزت دا؟
له کوێیه بیره‌وه‌ریم؟
له کوێیه زێده یاد؟
له کوێیه کوێ؟
له‌م زایه‌ڵه‌ی ئازاره‌وه
سه‌ری کاسم
به کامه ژووری ره‌ش ره‌ش هه‌ڵگیرساوی مه‌رقتدا بکه‌م؟
له‌م تاراوگه په‌ڕنیشتووه
شه‌می شه‌وانی
"شه‌و و شێعر و کچ و مانگه‌شه‌و"ی
کام ده‌فته‌ری بیره‌وه‌یت داگریسێنم؟
کوانێ "هێمن"
له کوێن پیتی شێعری تازه‌ی؟
کوان رازی
"شه‌و شنه‌ی شه‌ماڵ"و
خه‌رمانه‌ی ئامێزی خۆشه‌ویستیمان و
شه‌کری شه‌رابی شه‌وبێداری
که شێعر
پووره‌ی ده‌خوارده‌وه‌و
حه‌وزی هه‌نگوینی پڕ ده‌کرد؟
کوا شه‌که‌ر لێوانی عه‌شق
که له ته‌نگه‌تاوی گه‌لاوێژی چاویه‌وه
گه‌زۆی نازی لێ ئه‌باری؟
من چی بڵێم
له‌مه زیاتر
" که فرمێسکم له سه‌ر گۆنای کیژی دڵشکاو بینی
کوتم یا خوا له سه‌ر سوور گوڵ نه‌بینم شه‌ونمێکی تر"
ئاخ ئه‌م دابڕانه
حه‌کایه‌تێکی دوور و درێژه، درێژ
من و ئه‌تۆ
هه‌ر ئه‌و کات خۆشه‌ویستیمان کرد به نیشانه‌ی ژوانگه‌ی ئه‌و شه‌وانه‌ی
که ئه‌ستێره‌بارانی
وه‌فادار بوونمانی ئه‌کرد،
ده‌بوایه
گیرۆده‌ی بارانی ئه‌م غووربه‌ته باین
که شه‌وانی جوداییمان ئه‌خووسێنێ.
هه‌ر ئه‌و کاته‌ی
دوو زێی به خووڕی نیگامان یه‌کاو ئه‌بوون
ده‌بایه
دڵمان به‌له‌مێک با
که له هه‌ڵچوونی فیراقا
به‌ره‌و دووڕگه‌ی دڵدانه‌وه، بمان باته‌وه.
من وئه‌تۆ
وه‌ک دوو نامۆ
ده‌بێ شه‌کراوی ئه‌م خه‌مه نۆش بکه‌ین
تا
کووره‌ی شێعرێ گه‌رم رابگرێ و
کوانووی خه‌مێ داگیرسێنێ و
باده‌ی عه‌شقێک بشکێته‌وه.
من
تۆ
نه سه‌ره‌تای شێعرێکین
نه کۆتایی
15.09.1995