داڵغه‌ی پاساریه‌ک
خوایه گیان فرمێسکی دروست کرد تا خه‌ڵک بزانن مرۆڤ ئه‌گریت. ئه‌ی له دایکم! ئه‌گه‌ر ئه‌و فرمێسکه ده‌نک کریستاڵییانه‌ی تۆ نه‌بوایه، کێ ده‌یزانی به‌دیار منه‌وه داده‌نیشتیت و ده‌گریای. ها پێم بڵی بزانم، کێ ده‌یزانی؟ ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌نکه فرمێسکانه نه‌بوونایه، خه‌ڵك چیان ده‌وت؟ وایانده‌زانی خه‌لفاویت و به‌دیار منه‌وه حه‌په‌ساوی.
زه‌رده‌په‌ڕان
په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌که‌م به‌ره‌و رۆژئاوا ده‌روانێ. ئێواران ئه‌و کاتانه‌ی تیشکی زه‌رده‌په‌ڕ به‌ره‌به‌ره روناکایی ژووره‌که‌م به‌ره‌و ره‌نگێکی مه‌یله‌و نارنجی ده‌باته‌وه، د‌ڵم داده‌گیرێ. ئه‌م دڵته‌نگییه زۆر له‌مێژ نییه که داڵده‌م ده‌دات. ره‌نگه چه‌ند مانگیک بێ، به‌ڵام له‌م چه‌ند مانگه‌دا، گشت ئێواره‌یه‌ک هه‌ست به دڵته‌نگی ده‌که‌م. کاتێ دوا تیشکی خۆر له‌که‌له‌پۆی رۆژئاواڕا به نیو ژووره‌که‌مدا بڵاو ده‌بێته‌وه، چاوه‌روانییه‌کی بێهوده به‌ره‌و په‌نجه‌ره‌که‌م ده‌باته‌وه.
خه‌وزڕان
سه‌راپام له ئاره‌قه‌دا خووسابوو، که خۆم له باوه‌شی دایکمدا بینییه‌وه. سه‌رم به سینگییه‌وه نابوو. بیرم ده‌هاته‌وه که شه‌وانێکی زۆر هه‌ر له‌و باوه‌شه گه‌رمه‌یدا به‌خه‌به‌ر ئه‌مامه‌وه. ئه‌و کات خه‌وم ئه‌هات، به‌ڵام حه‌زم ئه‌کرد نه‌خه‌وم و بزانم دایکم تا که‌ی من له باوه‌شیدا رائه‌ژێنێ. منداڵیکی لاسار نه‌بووم، ره‌نگه ئه‌مه‌ویست به ئازاردانی دایکم باری خۆشه‌ویستی خۆم له لای ئه‌و هه‌ڵسه‌نگێنم. تۆ بڵێی چه‌نده منی خۆش بوێ؟ رایده‌ژاندم و لایه‌لایه‌ی بۆ ئه‌کردم. گه‌رمای باوه‌شی ورده ورده شلی ئه‌کردمه‌وه و که به‌یانی به ده‌نگی هازه‌هازی سه‌ماوه‌ره‌که‌مان له خه‌و هه‌ڵده‌ستام، دڵنیا ده‌بوومه‌وه که من له لای دایکم زۆر زۆر خۆشه‌ویستم.